عراقچی: ئیسرائیل هەوڵی پەکخستنی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن دەدات
وەزیری دەرەوەی ئێران، هێرشی توند دەکاتە سەر میدیاکانی ئیسرائیل و تۆمەتباریان دەکات بەوەی هەوڵی تێکدانی هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک دەدەن لە نێوان ئێران و ئەمریکا.
پێنجشەممە 12ـی شوباتی 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هەواڵە ورووژێنەرانەی میدیاکانی سەر بە "میریام ئەدێلسۆن" دەربارەی ئێران بڵاوی دەکەنەوە، تەنها مەبەست لێی خزمەتکردنە بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، عراقچی نووسیویەتی: "پێویستە بپرسین ئەم جۆرە بانگەشە ورووژێنەرانە خزمەت بە کێ دەکات؟"
عراقچی وەک نموونەیەک باسی لەوە کردووە، تەنها یەک کاتژمێر پێش چوونە ژوورەوەی نەتەنیاهۆ بۆ کۆشکی سپی، رۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئێرانی تۆمەتبار کردووە بەوەی "فێڵی لە ترەمپ کردووە".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمەی وەک هەوڵێکی "ناڕاستەوخۆ" ناوبرد بۆ تێکدانی کەشوهەوای سیاسی و دوورخستنەوەی ئەگەری دانوستان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عراقچی جەختی کردەووەتەوە، ئیسرائیل گەورەترین سوودمەندە لە ئاستەنگکردنی گفتوگۆکان و داوای کرد کە پێویستە چاوەکان لەسەر "فێڵبازە ڕاستەقینەکە" بن، نەک ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی تاران دەکرێن.
ئەم لێدوانانەی عراقچی دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ رایگەیاند، هێشتا نەگەیشتوونەتە بڕیارێکی کۆتایی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێران لە قۆناغی داهاتوودا.