سوپای ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنان دەست پێکرد
گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار، دوای ئەوەی حزبوڵڵا بەهۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیلیش بە چڕی دەستی بە بۆردوومانکردنی لوبنان و گەڕەکەکانی باشووری بەیروت کرد.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، حزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بە وەشاندنی مووشەک و پۆلێک درۆن هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل. حزبوڵڵا ئاشکرای کرد ئەم هێرشە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بووە بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، هەروەها وەک بەرگرییەک لە گەلی لوبنان لە بەرانبەر هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل ئەنجامدراوە.
لە بەرانبەردا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەکانی حزبوڵڵا لە سەرتاسەری لوبنان و جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ ئەو مووشەک و درۆنانەی کە لە خاکی لوبنانەوە ئاراستەی دەوڵەتی ئیسرائیل کراون.
میدیا فەرمییەکانی لوبنان بڵاویان کردەوە، گەڕەکەکانی باشووری بەیروت کەوتوونەتە بەر زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی چڕی ئیسرائیل. هاوکات پەیامنێری ئاژانسی "فرانس پرێس" ئاماژەی بەوە کردووە کە دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە و بەهێز لەناو شاری بەیروت بیستراوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای دانیشتووانی شارەکە دروست کردووە.
ئەم ئاڵوگۆڕە چڕەی ئاگر لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و کوژرانی خامنەیی ئاراستەی ململانێکان و جەنگەکەی بەرەو قۆناغێکی نادیار و مەترسیدارتر بردووە، کە ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە لە سەرتاسەری ناوچەکە زیاتر دەکات.
لە بارەی دۆخی وڵاتەکەی، نەواف سەلام سەرۆکوەزیرانی لوبنان ڕایگەیاندووە، هەڵدانی مووشەک لە باشووری لوبنانەوە ڕەفتارێکی نابەرپرسانە و گوماناوییە، جا هەر لایەنێک لە پشتییەوە بێت، چونکە لێکەوتەی خراپی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لوبنان دەبێت.
هەڵدانی مووشەک لە باشووری لوبنان، ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەخاتە مەترسی، هەربۆیە حکوومەتی ڕێگەی نادات وڵات پەلکێشی نێو سەرکێشیەکی نوێ بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، نزیکەی 6 مووشەک لە خاکی لوبنانەوە بەرەو شاری حەیفا و دەوروبەری ئاراستە کراون. سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە هێزە ئاسمانییەکانیان توانیویانە یەکێک لەو مووشەکانە تێکبشکێنن کە سنووریان بەزاندووە، مووشەکەکانی دیکەش بەپێی سیاسەتی بەرگری لە ناوچە چۆڵەکان کەوتوونەتە خوارەوە.
چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، بەرپرسێکی باڵای حزبوڵڵای لوبنان بە فرانس پرێسی راگەیاندبوو، ئەگەر ئەمەریکا هێرشی سنووردار بکاتە سەر ئێران، ئەوان بێدەنگ دەبن و دەستوەردان ناکەن، بەڵام هێرشکردنە سەر خامنەیی بە هێڵی سوور دەزانن.