ترەمپ مەرجی قورس بۆ هەر رێککەوتنێک لەگەڵ دیموکراتەکان دادەنێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی تونددا داوای لە کۆمارییەکانی ناو ئەنجوومەنی پیران کرد کە هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ دیموکراتەکان واژۆ نەکەن، مەگەر لە بەرامبەردا یاسای پاراستنی ئەمریکا پەسەند بکرێت.
دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دیموکراتەکانی بە چەپی توندڕەو و بەرپرسیار لە وێرانکردنی وڵات وەسف کرد و رایگەیاند، پەسەندکردنی یاسای پاراستنی ئەمریکا لە هەموو کارەکانی تری ئەنجوومەنی پیران گرنگترە، هاوکات بە توندی دژی بڕینی پێنج ملیار دۆلار لە بودجەی دەزگای کۆچ و کۆچبەرانی ئەمریکا (ICE) وەستایەوە و ئەوەی بە قبوڵنەکراو ناوبرد.
سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵێک مەرجی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێکی یاسایی دیاری کرد، کە بریتین لە:
1- چەسپاندنی ناسنامەی وێنەدار بۆ دەنگدەران.
2- تەنها ئەو کەسانەی هاووڵاتی ئەمریکین مافی دەنگدانیان هەبێت.
3- قەدەغەکردنی دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە (جگە لە هەندێک حاڵەتی تایبەت).
4- بەکارهێنانی تەنها فۆرمی کاغەزی بۆ دەنگدان.
5- رێگریکردن لە بەشداریی ئەو پیاوانەی رەگەزیان گۆڕیوە لە وەرزشی ئافرەتاندا.
6- قەدەغەکردنی نەشتەرگەرییەکانی گۆڕینی رەگەز بۆ منداڵان.
ترەمپ داوای لە جۆن سوون رێبەری زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران کرد، بە روونی ناوی ئەو ئەندامە کۆمارییانە ئاشکرا بکات کە دەنگ دژی ئەم داواکارییانە دەدەن و گوتی: "ئەوانەی دژی ئەمە بن، جارێکی تر هەڵناژێردرێنەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ داوای کرد، یاسای "فلیبێستەر" کۆسپخستنە بەردەم دەنگدان تێکبشکێندرێت و ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران لە واشنتن بمێننەوە و پشووی جەژنی "ئیستەر" هەڵبوەشێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی ئەم داواکارییانە جێبەجێ دەکرێن، بە مەبەستی "دوبارە مەزنکردنەوەی ئەمریکا".