بەریتانیا و تورکیا رێککەوتنێکی سەربازیی گەورە واژۆ دەکەن
بەریتانیا و تورکیا رێککەوتنێکی نوێی سەربازییان بە بەهای ملیاران پاوەند واژۆ کرد، کە تایبەتە بە مەشق و راهێنان و پشتگیری تەکنیکی.
چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، بەریتانیا و تورکیا رێککەوتنێکی نوێی سەربازییان بە بەهای ملیاران پاوەند واژۆ کرد، ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی گرێبەستی کڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "تایفون"ـە کە ساڵی رابردوو بە بەهای 8 ملیار پاوەند کە دەکاتە نزیکەی 10.73 ملیار دۆلار لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرابوو.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، گرێبەستە نوێیەکە پڕۆسەی مەشق و راهێنانی فڕۆکەوانان و تیمە زەمینییەکانی تورکیا لە بەریتانیا دەگرێتەوە، ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکە بۆ تورکیا تاوەکو بتوانێت یەکەم کاروانی فڕۆکەی جەنگی "تایفون" کە لە بەریتانیا دروست کراون، وەربگرێت و بیخاتە خزمەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، چەندین کۆمپانیای پێشەنگی بواری پیشەسازی بەرگری وەک (BAE Systems)، (Leonardo UK)، (MBDA)، (Rolls-Royce) و (Martin-Baker) بەشدار دەبن لە دابینکردنی پارچەی یەدەگ، پێداویستییەکان و ئامێرەکانی مەشق و راهێنان.
رێککەوتنەکە لە لەندەن لە لایەن جۆن هیڵی، وەزیری بەرگری بەریتانیا و یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا واژۆ کرا، حکوومەتی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم رێککەوتنە نوێنەرایەتی قۆناغی داهاتووی چوونە ناوەوەی تورکیا دەکات بۆ ناو پڕۆگرامی "یۆرۆفایتەر"، هاوکات دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تواناکانی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە ناوچەی باڵی رۆژهەڵاتدا.