مارکۆ رۆبیۆ: زێلێنسکی کەسێکی درۆزنە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە توندی هێرشی کردە سەر ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و بە "درۆکردن" تۆمەتباری کرد سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن واشنتن فشاری خستووەتە سەر کیێڤ بۆ دەستبەرداربوون لە بەشێک لە خاکەکەی لە بەرامبەر وەرگرتنی گەرەنتی ئەمنی.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان دوای کۆبوونەوەکانی گرووپی (G7)  لە نزیک پاریس، گوتی: "ئەو قسانەی لە بارەی فشاری ئەمریکا لەسەر ئۆکرانیا بۆ دەست بەرداربوون لە بەشێکی خاکەکەی دەکرێت درۆیە، بیستوومە کە زێلێنسکی وای گوتووە، جێی داخە کە قسەی وا دەکات، چونکە خۆی زۆر باش دەزانێت کە ئەوە راست نییە".

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشبینییەکی توندی خستەڕوو و رایگەیاند: "کاتێک لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کارمان لەگەڵیان تەواو دەبێت، تاران لە لاوازترین دۆخی خۆیدا دەبێت لە مێژووی هاوچەرخیدا." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ئامانجە دەپێکن، چ پێویست بە ناردنی هێزی زەمینی بکات یان نا.

لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، روبیۆ ئاشکرای کرد، توانیویەتی پشتیوانییەکی بەرفراوان لەنێوان هاوبەشەکانی لە گرووپی حەوتدا بەدەستبهێنێت بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکانی ئێران بۆ سەپاندنی باجی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز.

روبیۆ ئەو هەوڵەی ئێرانی بە نایاسایی و قبوڵنەکراو وەسف کرد و رایگەیاند، ئەمە مەترسییە بۆ سەر هەموو جیهان، هەر بۆیەش گرنگە جیهان پلانێکی یەکگرتووی هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی تاران.