تاران بڕیارەکەی بەیرووت رەتدەکاتەوە؛ باڵیۆزی ئێران لە لوبنان دەمێنێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، باڵیۆزەکەیان لە بەیرووت لە کارەکانی بەردەوام دەبێت، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی لوبنان کە هەفتەی رابردوو دەریکردبوو و داوای لێکردبوو خاکی ئەو وڵاتە جێبهێڵێت.

وەزارەتی دەرەوەی لوبنان هەفتەی رابردوو متمانەی لە محەممەد رەزا شەیبانی، باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکەی سەندەوە و وەک "کەسێکی نەخوازراو" ناوی برد، هاوکات داوای لێکردبوو تاوەکو رۆژی یەکشەممە 29ـی ئادار، لوبنان جێبهێڵێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئێرانی بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ـی راگەیاندووە، باڵیۆزی ئێران دوای تەواوبوونی مۆڵەتە دیاریکراوەکەش لە بەیرووت دەمێنێتەوە و وڵاتەکە جێناهێڵێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ داواکاریی حزبوڵڵا و نەبی بری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، شەیبانی لەسەر داوای حزبوڵڵا و سەرۆکی پەرلەمان لە لوبنان دەمێنێتەوە؛ پێشتریش حزبوڵڵا داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کردبوو دەستبەجێ لە بڕیاری کشانەوەی متمانە لە شەیبانی پاشەکشە بکەن.

ئەم بڕیارەی ئێران دوای ئەوە دێت لە هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی لوبنان، تۆفیق سەمەدی خۆشخۆ، کاربەڕێکەری ئێرانی لە لوبنان بانگهێشت کرد و عەبدولسەتار عیسا، ئەمینداری گشتی وەزارەتەکە، بڕیاری دەوڵەتی لوبنانی پێ راگەیاند سەبارەت بە کشانەوەی رەزامەندی لەسەر متمانەبەخشین بە محەممەد رەزا شیبانی، باڵیۆزی دەستنیشانکراوی ئێران لە بەیرووت.