هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بایکۆتی کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق دەکات
"بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی وڵات، پێویستە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان دوابخرێت"
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە مەبەستی گەیشتن بە سازانێکی نیشتمانی و تێپەڕاندنی جیاوازییە جەوهەرییەکان، بڕیاری ئامادەنەبوونی لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق دا و داوای کرد کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.
هەینی، 10ـی نیسانی 2026، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق خستە روو.
هاوپەیمانێتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەهۆی هەبوونی ناکۆکیی قووڵ و بنەڕەتی لەنێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی پرۆسەی سیاسی، بڕیاریان داوە پشتگیری لە دواخستنی کۆبوونەوەکە بکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "پەرلەمانتارانی سەر بە هاوپەیمانێتییەکە، بە فەرمی بڕیاری داوە لە کۆبوونەوەکەی سبەی پەرلەمان ئامادە نەبێت، ئەمەش وەک بڕوابوونێک بە پێویستیی رەخساندنی کەشێکی ئەرێنی کە تێیدا دەرئەنجامێکی بەرپرسانە و گونجاو بێتە کایەوە."
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە ئامانج لەم هەڵوێستە، زامنکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و رێگریکردنە لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیاترکردنی ئاڵۆزییەکان.
هەروەها پێی وایە کە سازانی سیاسی و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی هەر کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان کە ئەرکی بڕیاردانی هەستیاری لەسەر شان بێت.
ئەم بڕیارەی هاوپەیمانێتییەکە لە کاتێکدایە، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی سبەی شەممەی پەرلەمانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار راگەیاندووە و هۆشداریی داوە، هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی ئەم پرسە بەبێ سازانی نیشتمانی، پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لە بنەماکانی شەراکەت.
فراکسیۆنی پارتی جەختی کردووەتەوە، کە دەبێت پۆستی سەرۆککۆمار و کاندیدی سەرۆکوەزیران وەک یەک پاکێجی تەواوکار و لە رێگەی رێککەوتنی پێشوەختەوە یەکلایی بکرێنەوە.
هەروەها بەیانیی ئەمرۆ، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو، پێداگرتنی هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەسەر بەردەوامبوون لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە هاوکات هەندێکی تر بەردەوامن لە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران، جێگەی قبووڵکردن نییە.
هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردبووەوە، هیچ بەرکەوتە و شایستەیەکی دەستووری یەکلا ناکرێتەوە تا ئەو پرسە هاوکات چارەسەر نەکرێت، بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان ئامادە بن.
بڕیارە سبەی شەممە، 11ـی نیسانی 2026، کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبێتەوە.
کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق
رۆژی هەینی، 23ـی کانوونی دووەم، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لیستی کۆتایی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماری بڵاو کردەوە. لیستەکە لە 18 کەس پێکهاتووە و ئەمانەن:
1-د. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی عەلیاوەیی
2- فوئاد محەممەد حوسێن بەکی
3. نزار محەممەد سەعید محەممەد
4- شوان حەوێز فەریق نامیق
5- ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد
6- حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری
7- نەجمەددین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا
8- ئاسۆ فەرەیدوون عەلی
9- سامان عەلی ئیسماعیل شاڵی
10- سەباح ساڵح سەعید
11- ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین هەلیوی
12- سەردار عەبدوڵڵا مەحموود
13- موسەننا ئەمین نادر
14- خالید سدیق عەزیز محەمەد
15- ئازاد مەجید حەسەن
16- رافع عەبدوڵڵا حەمید موسا
17- سالم حەواس عەلی ساعدی
18- لەتیف محەممەد جەمال رەشید
چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق
بە گوێرەی دەستووری هەمیشەییی عێراق (ساڵی 2005) و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین دانیشتنەکانی پەرلەمان، چونکە کلیلی پێکهێنانی حکوومەتە.
بەپێی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی، کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە.
واتە لە کۆی 329 پەرلەمانتار، دەبێت لانی کەم 220 پەرلەمانتار لە ناو هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن، ئەگەر ئەو ژمارەیە ئامادە نەبن، کۆبوونەوەکە بەڕێوە ناچێت.
میکانیزمی دەنگدان و هەڵبژاردن
پڕۆسەی دەنگدان بەپێی ماددەی (70)ـی دەستووری عێراق بە دوو گەڕ بەڕێوە دەچێت:
گەڕی یەکەم؛ لەو گەڕەدا هەر کاندیدێک بتوانێت دەنگی دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ڕاستەوخۆ دەبێتە سەرۆککۆمار بەڵام زۆر ئەستەمە هیچ کاندیدێک لە گەڕی یەکەمدا 220دەنگ بەدەست بهێنێت، بۆیە زۆربەی جار دەچێتە گەڕی دووەم.
گەڕی دووەم؛ قۆناغی یەکلاییکرەوە، ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کاندیدێک 220 دەنگی نەهێنا، تەنها دوو کاندید کە زۆرترین دەنگیان هێناوە دەچنە قۆناغی دووەمەوە، کێبڕکێکە لە نێوان ئەو دوو کەسەدا دەمێنێتەوە.
لەم گەڕەدا مەرجی 220 دەنگ نامێنێت، بەڵکو هەر کامێکیان زۆرترین دەنگی هێنا دەبێتە سەرۆککۆمار.
سوێندخواردنی سەرۆککۆمار و ئەرکی دواتر
دوای ئەوەی سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت، لەبەردەم پەرلەمانتاراندا سوێندی یاسایی دەخوات.
گرنگترین ئەرکی دوای هەڵبژاردنی، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو، دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا، کاندیدی "گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان" ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.