بوتڵی دووەمی گازی ماڵان دابەشدەکرێت و نرخەکەشی دادەبەزێت
دوای ئاسایی بوونەوەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر، پێداویستی ناوخۆ لەو گازەی بەرهەم دەهێنرێت پڕ دەکرێتەوە و ئەو کێشەیەی کە پێشووتر هەبوو نامێنێت، هاوکات نرخەکەشی دەگەڕێتەوە نرخی ئاسایی خۆی.
سالار محەممەد بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت، زۆربەی دانیشتووانی هەولێر بە نزیکەیی 80% بوتڵی یەکەمی گازیان وەرگرتووە، گوتیشی، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست دەکرێت بە دابەشکردنی بوتڵی دووەمی گازی ماڵان، هاوکات بە هەمان شێوەی بوتڵی یەکەم بە رێگەی کۆبۆن گازەکە دابەش دەکرێت.
لە بارەی نرخی گازەوە، جەنگی مەجید سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە رێژەیەکی بەرچاو نرخی گازی شل دابەزیوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لە بەنزینخانەکان نزکەی 50% نرخی هەر لیترێک گاز دابەزیووە، جەختی لەوەشکردەوە، دۆخەکە بەرەو باشتربوون دەچێت و پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو بە تەواوی دۆخەکە سەقامگیر ببێتەوە و کێشەی کەمی گازی شل و بەرزی نرخەکەی چارەسەر ببێت.
دوای هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل و تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی، ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە غازییەکان کەمی کردبوو، ئەمەش ببووە هۆی دروستبوونی قەیرانی غاز و گرانبوونی نرخەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.