دوای دەیان ساڵ بێبەشبوون، هەزاران کوردی سووریا دەبنە خاوەنی رەگەزنامە

دەیان هەزار هاووڵاتیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان روویان لە بنکەکانی تۆمارکردن کردووە بۆ وەرگرتنی رەگەزنامەی سووری، بەمەش کۆتایی بە قەیرانی کوردە "بێ تۆمارەکان" دەهێنرێت و سەرلەنوێ مافەکانی خوێندن، کارکردن، خاوەندارێتی و گەشتکردنیان پێدەگەڕێندرێتەوە.

لە هۆڵێکی قەرەباڵغی ناو یاریگایەکی شاری قامیشلۆ، فیراس ئەحمەد لەتەک دەیان هاووڵاتیی کورد کە بەڵگەنامە و وێنەی کەسییان بەدەستەوەیە، چاوەڕێی سەرەی خۆی دەکات بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی وەرگرتنی رەگەزنامەی سووری، ئەو مافەی کە دەیان ساڵە دەیان هەزار کەس لێی بێبەش کراون.

فیراس ئەحمەدی تەمەن 49 ساڵ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "مرۆڤی بێ رەگەزنامە بە مردوو هەژمار دەکرێت. بێهێننە بەرچاوتان کە من ناتوانم منداڵەکانم یان خانووەکەم بەناوی خۆمەوە تۆمار بکەم".

هەروەها دەڵێت: "باپیرم رەگەزنامەی نەبوو، تا ئێستاش بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی ژیاوین".

لەبەردەم ئەو مێزانەی کە خەڵکێکی زۆر ریزیان بۆ گرتووە، فۆڕمی تۆمارکردن کە لۆگۆی دەوڵەتی سووریای لەسەرە لەگەڵ وێنەی کەسی و بەڵگەنامەی کۆن بڵاوبوونەتەوە، لە هەمان کاتدا، فەرمانبەرانی حکوومەت سەرقاڵی داخڵکردنی زانیارییەکانن، تا ئەو کاتەی لەسەر شاشەکان دەستەواژەی "بە سەرکەوتوویی تەواو بوو" دەردەکەوێت.

لە هەفتەی رابردووەوە، ئەو کوردانەی رۆژئاوای کوردستان کە بە "بێ تۆمار" (مكتومي القيد) ناسراون و هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمییان نییە، لەسەر راسپاردەی وەزارەتی ناوخۆ، روو لەو بنکانە دەکەن کە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری لە چەندین شاری رۆژئاوای کوردستان تەرخانکراون، لەوانە قامیشلۆ، حەسەکە و دێرک، سەرباری چەند بنکەیەکی دیکە لە پارێزگاکانی حەلەب، دێرەزوور، رەققە و دیمەشق.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو مەرسوومەدا دێت کە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریاوە دەرچووە، مەرسوومەکە بڕیاری داوە بە پێدانی رەگەزنامەی سووری بە هاووڵاتیانی کورد کە لە سووریا دەژین، لە نێویاندا ئەوانەی هیچ تۆمارێکیان نییە، هەروەها چەندین مافی کولتووری و زمانەوانی بۆ کوردەکان چەسپاندووە، لەوانە ناساندنی زمانەکەیان وەک "زمانێکی نیشتمانی".

غالیە کەلەش، کە دایکی پێنج منداڵە، بە زمانی کوردی بە ئاژانسەکەی گوت، "نەهامەتی و سەختییەکی زۆرمان چەشت، پێنج منداڵەکەم نەیانتوانی خوێندنیان تەواو بکەن و بە هیچ شێوەیەک توانای گەشتکردنمان نەبوو."

ئەو ئافرەتە گوتیشی: "تا ئێستاش ماڵەکەمان بە ناوی خۆمانەوە نییە."

ساتی تۆمارکردنی هاووڵاتیانی کورد

بێبەشبوون لە رەگەزنامە کاریگەریی قووڵی خستبووە سەر تەواوی وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەی ئەو هاووڵاتیانە، لە مەحاڵبوونی تۆمارکردنی لەدایکبوون و چەسپاندنی خاوەندارێتییەوە بگرە، تا دەگاتە سەختییەکانی خوێندن، گەشتکردن و کارکردن، ئەمەش وایکردبوو زۆرینەیان لە پەراوێزی دەوڵەتدا بژین بەبێ هیچ دانپێدانانێکی یاسایی.

قەیرانی بێبەشکردنی کوردەکان لە رەگەزنامە دەگەڕێتەوە بۆ رێکارە نائاساییەکانی سەرژمێرییەکی مشتومڕهەڵگر کە لە ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسەکە ئەنجامدرا، بەپێی ئەو سەرژمێرییە، رەگەزنامە لە سەدا بیستی پێکهاتەی کوردی ئەو کاتە سەندرایەوە.

لە کۆی 20 ملیۆن دانیشتووی سووریا ژمارەی کوردەکان نزیکەی دوو ملیۆنە، رووبەڕووی پەراوێزخستن بوونەوە لەلایەن حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی سووریاوە و بۆ دەیان ساڵ لە خوێندن بە زمانەکەیان و یادکردنەوەی بۆنەکانیان بێبەش کران.

عەلی مووسا، ئەندامی "تۆڕی ناوخۆیی قوربانیانی بێ رەگەزنامەی کورد" لە حەسەکە، رایگەیاندووە، بەپێی خەمڵاندنەکانیان، لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی لە سووریا بێ تۆمارن دەگاتە نزیکەی 150 هەزار کەس.

مووسا داوا لە دەسەڵاتداران دەکات نەرمی بنوێنن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و ئاسانکاری بکەن بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی سووریا دەژین و مەرسوومەکە نایانگرێتەوە، هەروەها داوای دابینکردنی جێگرەوە دەکات، بەتایبەتی کە زۆربەیان ناتوانن بگەڕێنەوە سووریا، جا بەهۆی ئەوەی لە وڵاتانی ئەوروپا داواکاری مافی پەنابەریین، یان بەهۆی ترس لە لەدەستدانی مافی مانەوەیان لە سێبەری جەنگی ئێران کە بووەتە هۆی داخستنی زۆربەی فڕۆکەخانەکان."

بڕیارە دەسەڵاتدارانی سووریا بۆ ماوەی یەک مانگ بنکەکانی تۆمارکردن بە کراوەیی بهێڵنەوە، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا، بەرپرسی کاروباری شارستانی لە حکوومەتی سووریا دەڵێت، "ماوەی دیاریکراو بۆ تۆمارکردن یەک مانگە و دەکرێت درێژیش بکرێتەوە"، گوتیشی، "گرنگترین قەرەبوو بۆ ئەم خەڵکە، بەدەستهێنانی رەگەزنامەیە دوای ئەو هەموو ساڵە لە بێبەشبوون."

ساتی تۆمارکردنی هاووڵاتیانی کورد

هەروەها محەممەد ئەیۆی تەمەن 56 ساڵ باسی لەوە کرد، چۆن هەستی بێدەرەتانی هەمیشە لەگەڵیدا بووە بەهۆی بێ ناسنامەییەوە، ئەو دەڵێت، "ساڵانێکی زۆر دەخوێنیت، لە کۆتاییدا پێت دەڵێن هیچ بڕوانامەیەکت نییە". ئەیۆ پاش تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی، نەیتوانیوە بچێتە زانکۆ.

ئەیۆ کە کاری بازرگانی دەکات، روونیشیکردەوە کە ئەم بێبەشبوونە مافە مەدەنییە بنەڕەتییەکانیشی گرتووەتەوە و دەڵێت: "هیچ مافێکی خۆکاندیدکردن یان دەنگدانمان نەبووە"، تەنانەت نەیتوانیوە مۆڵەتی شۆفێری بەدەستبهێنێت، یان لە هۆتێلێکی دیمەشق بمێنێتەوە، چونکە بۆ هەموو ئەمانە پێویستی بە "رەزامەندیی ئەمنی" پێشوەختە هەبووە.

ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر کوردانی رۆژئاوا بە نەتەوەی عەرەب تۆمار دەکران بەڵام دوای ناڕەزایەتی دەربڕین، بڕگەی نەتەوە لە رەگەزنامە لابرا.