کەشناسی عێراق: شەپۆلێکی توندی خۆڵبارین دەستپێدەکات
دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، بەشێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق دەکوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەک کە دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی خۆڵبارین لە ناوچەکانی رۆژئاوا، ناوەڕاست و باکووری رۆژئاوای وڵات.
یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، دەستەی کەشناسی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، نزمەپاڵەپەستۆیەک کە لەگەڵ خۆیدا بایەکی وشک و چالاک دەهێنێت دەبێتە هۆی دروستبوونی خۆڵبارین و گەردەلوول، ئاماژە بەوەش کراوە، شەپۆلەکە لە ئێستاوە لە ناوچەکانی رۆژئاوای وڵات، بەتایبەت لە شاری روتبە دەستی پێکردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بینین و لە هەندێک شوێندا بینین بەتەواوی نەماوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە کاتژمێرەکانی شەودا بەرەو شارەکانی ناوەڕاست و باکووری رۆژئاوا درێژ دەبێتەوە، هەروەها بۆ سبەینێ دووشەممە، خۆڵبارین زۆربەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەگرێتەوە، بەڵام بە توندییەکی کەمتر بە بەراورد بە ناوچەکانی رۆژئاوا.
کەشناسی عێراق هۆشداری دەداتە شۆفێران، لە رێگاوبانە دەرەکییەکان بەهۆی کەمیی ئاستی بینینەوە وریابن، هاوکات رێنمایی ئەو کەسانە دەکات کە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، وەک تەنگەنەفەسی (رەبۆ) و هەستیارییان هەیە، تاوەکو دەکرێت لە بەرکەوتنی راستەوخۆی خۆڵبارینەکە دوور بکەونەوە.