وەزارەتی بەرگریی ئیمارات بۆ هاووڵاتیانی: لە شوێنی سەلامەت بمێننەوە

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی سێ مووشەکی کرووز کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون تێکبشکێنێت و مووشەکی چوارەمیش لە دەریا کەوتووەتە خوارەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026،  وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، چوار مووشەکی "جواڵە" (کرووز) لە لایەن ئێرانەوە بەرەو ئاراستەی وڵاتەکە بینراون، لەو ژمارەیەش سێ مووشەکیان بە سەرکەوتوویی بەرپەچدرانەوە و تێکشێندراون، مووشەکی چوارەمیش لە ناو دەریا کەوتووەتە خوارەوە.

هەروەها رایگەیاندووە، ئەو دەنگانەی لە چەند ناوچەیەک بیستراون، دەرەنجامی بەرپەرچدانەوەی سەرکەوتووانەی سیستەمی بەرگری بووە بۆ ئەو هەڕەشە ئاسمانییانەی کراونەتە سەر وڵات.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات داوا لە هاووڵاتییان دەکات، تەنیا پەنا بۆ سەرچاوە فەرمییەکان ببەن بۆ وەرگرتنی زانیاری و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەمووان پابەندی رێکارەکانی سەلامەتی گشتی بن لەو کاتانەی پەیامی ئاگادارکردنەوە و هۆشدارییان پێدەگات و لە شوێنی سەلامەت بمێنەوە.