شەهباز شەریف: لەهەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی لە ناوچەکەدا
ئەمرۆ یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی ئومێدەوارە لە داهاتوویەکی "زۆر نزیکدا" میوانداری گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا بکات.
شەهباز شەریف کە وڵاتەکەی رۆڵێکی سەرەکی لە نێوەندگیری نێوان واشنتن و تاران دەگێڕێت، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "پاکستان بە هەموو راستگۆییەوە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا."
سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ رەخساندنی زەمینەی گونجاو و هیوادارە لە کاتێکی نزیکدا میوانداری گەڕی داهاتووی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات بکات بە مەبەستی گەیشتن بە لێکگەیشتن و سەقامگیری.
ئەم دەسپێشخەرییەی پاکستان لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوامن و ئیسلام ئابادیش دەیەوێت وەک لایەنێکی بێلایەن و نێوەندگیر، رۆڵی کاریگەر لەم پڕۆسەیەدا بگێڕێت.
دوای 40 رۆژی جەنگ، ئەمریکا بە نێوەنگیری پاکستان لە 8ی نیسان ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی بەرانبەر بە ئێران راگەیاند، دواتر ماوەی ئاگربەستە کاتییەکە کۆتاییهات و ترەمپ جارێکی دیکە ماوەکەی درێژکردەوە بێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو دابنێت.
لە 11ـی نیسانی 2026، یەکەم گەڕی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو، لەم چوارچێوەیەدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە جیا لەگەڵ شەھباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کۆبووەوە. بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک.