ئەمریکا ژمارەیەک کۆچبەری رۆژئاوای ئەفریقای بۆ غانا دیپۆرت کردەوە
حکوومەتی ئەمریکا ژمارەیەکی دیکەی لە کۆچبەرانی رۆژئاوای ئەفریقای بۆ وڵاتی غانا دیپۆرت کردەوە، کە لە نێوانیاندا کەسێک هەیە پێشتر پارێزبەندی یاسایی هەبووە دژی دیپۆرتکردنەوە.
شەممە 30ـی ئایاری 2026، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری پارێزەرێکی ئەمریکییەوە ئاشکرایکردووە و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتە فراوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت دژی کۆچبەری نایاسایی، کە تیایدا چەندین کەس دیپۆرت کراونەتەوە کە لە سەردەمی حکوومەتەکانی پێشوودا رێگەیان پێ دراوە لە ئەمریکا بمێننەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ هەوڵی داوە رێککەوتن لەگەڵ "وڵاتی سێیەم" بکات بۆ ئەوەی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتانە رەوانە بکات کە پەیوەندییان پێیانەوە نییە.
وڵاتی غانا لە ساڵی رابردووەوە وەک وێستگەیەکی کاتی، ئەو کۆچبەرانەی رۆژئاوای ئەفریقا وەردەگرێت کە لە ئەمریکا دەردەکرێن، تاوەکو دواتر رەوانەی وڵاتی رەسەنی خۆیان بکرێنەوە، ئەم هەنگاوە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە دادگاکانی ئەمریکا پێیان وابووە ئەگەری هەیە لە وڵاتەکانی خۆیان رووبەڕووی ئەشکەنجە و چەوسانەوە ببنەوە، پێشتر غانا هەندێک دیپۆرتکراوی رەوانەی وڵاتی تۆگۆ کردووە بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمییان پێ بێت.
لەمبارەیەوە، میریدیس یوون، ئەو پارێزەرەی داکۆکی لە یەکێک لە دیپۆرتکراوەکان دەکات، رایگەیاند، کۆمەڵە نوێیەکە رۆژی پێنجشەممە گەیشتوونەتە غانا، ئەو ئاماژەی بەوە کرد یەکێک لەو کەسانە خەڵکی وڵاتی کینیایە و پێشتر مافی رێگریکردن لە دەرکردنی هەبووە، کە جۆرێکە لە پارێزبەندی یاسایی و رێگەی بە کەسەکە دەدا لە ئەمریکا بژی و کار بکات، بەڵام ئەمجارە دیپۆرت کراوەتەوە.
تا ئێستا ئاژانسی فرانس پرێس نەیتوانیوە لێدوان لە فەرمانگەی کۆچی غانا وەربگرێت، بەڵام پارێزەرەکە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە کە رەنگە هەندێک لەو کەسانە هەر لە بەیانییەوە رەوانەی وڵاتەکانیان بکرێنەوە.