پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو بۆ 18 گوندی خەلیفان جێبەجێ دەکرێت

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پڕۆژەیەکی فراوانی ئاوی خواردنەوە لە سنووری قەزای خەلیفان دەستپێکردووە کە ئامانج لێی گەیاندنی ئاوی پاکە بە 18 گوندی دۆڵی (بیاو). ئەم پڕۆژەیە کە ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە، کۆتایی بە کێشەی بێئاوی و دابینکردنی ئاو لە رێگەی تانکەرەوە دەهێنێت لەو ناوچەیەدا.

بە مەبەستی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کەمئاوی، پڕۆژەیەکی گەورەی ئاو بە درێژایی 32 کیلۆمەتر لە سنووری ناحیەی سەرێشمەی قەزای خەلیفان لە جێبەجێکردندایە. پڕۆژەکە بە گوژمەی نزیکەی 2 ملیار دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام دەدرێت و بڕیارە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو بکرێت.

نۆمید موسڵیح، جێبەجێکاری پڕۆژەکە، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، تا ئێستا 75%ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە. پڕۆژەکە پێکدێت لە راکێشانی هێڵی گواستنەوەی ئاو بە بەکارهێنانی دوو جۆری بۆری (دکتایل و پۆلی ئەسیلین) و دروستکردنی 3 کۆگای گەورەی کۆکردنەوەی ئاو بۆ گوندەکانی دۆڵی بیاو.

لە لایەکی دیکەوە، مەغدید ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر بژێوی دانیشتووانی ئەو 18 گوندە، چونکە پێشتر لە رێگەی تانکەرەوە ئاویان بۆ دابین دەکرا.

گوتیشی: "حکوومەت لەم پڕۆژەیەدا پشتی بە ئاوی سەر زەوی (رووبارەکان) بەستووە بۆ ئەوەی ئاوی ژێرزەوی وەک سامانێکی نیشتمانی بۆ نەوەکانی داهاتوو پارێزراو بێت."

ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانە بۆ ناوچە گوندنشینەکان، تاوەکو هانی هاووڵاتییان بدرێت لەسەر زێدی باوباپیرانیان بمێننەوە و پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدەن.