ئەمریکا 130 ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازی و مرۆیی پێشکەشی لوبنان دەکات

روبیۆ پرۆسەی بێچەککردنی حزبوڵڵا رادەگەیەنێت و سەرۆکی لوبنانیش بەڵێنی گەڕانەوەی سەروەری دەدات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێککەوتنی ئیسرائیل و لوبنانی وەک بڕیارێکی بوێر بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن و دەستپێکی پڕۆسەی بێچەککردنی حزبوڵڵا راگەیاند؛ هاوکات سەرۆکی لوبنان، وێڕای سوپاسکردنی کارگێڕیی دۆناڵد ترەمپ، بەڵێنی دا کە چیتر سەروەریی وڵاتەکەی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا دابەش ناکات و لوبنانییەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی رێککەوتنی لوبنان و ئیسرائیل راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، حکوومەتەکانی ئیسرائیل و لوبنان بڕیارێکی بوێرانەیان داوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن.

روبیو جەختی کردەوە، لوبنان و ئیسرائیل خاوەنی شارستانیەتێکی دێرینن، بەڵام بۆ چەندین دەیەیە لەلایەن "میلشیا تێرۆریستییەکان و بریکارەکانەوە" پەلکێشی شەڕ کراون، کە سەروەریی لوبنانیان لاواز کردووە و ئاسایشی ئیسرائیلیان خستووەتە مەترسییەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە توندی هێرشی کردە سەر حزبوڵڵا و بە "مەترسیدارترین بریکاری ئێران" ناوی برد. روبیۆ تۆمەتباری کردن بەوەی کە بە پێچەوانەی ویستی گەل و حکوومەتی لوبنان، وڵاتەکەیان رووبەڕووی جەنگی وێرانکەر کردووەتەوە و جگە لە هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل، دەستیان لە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان و هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاشدا هەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی بڕگەکانی ئەم رێککەوتنە، پرۆسەیەکی روون بۆ بێچەککردنی حزبوڵڵا و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپە دەستپێدەکات. بۆ جێبەجێکردنی ئەمەش، "گرووپی هەماهەنگی سەربازی بۆ لوبنان" بە سەرپەرشتی ئەمریکا پێکدەهێنرێت.

وەک پشتیوانییەکی دەستبەجێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی 100 ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی لوبنان دەکات. هەروەها روبیۆ ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی بە بڕی 30 ملیۆن دۆلار پشتیوانی سوپای لوبنان دەکات تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر سەروەریی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی لوبناندا بچەسپێنن.

مارکۆ روبیۆ ڕایگەیاند، ئەمریکا پابەند دەبێت بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانی بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی گەشتر و ئارامتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هاوکات جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان پەیامێکی ئاراستەی کارگێڕیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ کرد و تێیدا سوپاسی قووڵی خۆی دەربڕی بۆ میوانداریکردن و سەرپەرشتیکردنی دانوستانەکان و پاڵپشتیکردنی هەڵوێستی لوبنان تا گەیشتن بەم قۆناخە مێژووییەی کە ئەمڕۆ ڕاگەیەندرا. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو وڵاتە دۆست و برایانەی کرد کە لە ماوەی دانوستانە سەختەکاندا هاوکاری لوبنان بوون و پابەندیی خۆیان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و ئاسایشی وڵاتەکە دووپات کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عۆن پێزانینی خۆی بۆ وەفدی دانوستانکاری لوبنانی دەربڕی، کە لە دیپلۆماتکار و کەسایەتییە سەربازییەکان پێکهاتبوون، و ستایشی وردبینی و شەونخونی ئەوانی کرد لە واشنتن و بەیروت بۆ بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە کە بە "هەنگاوی یەکەم" لە کاروانی گێڕانەوەی سەروەریی لوبنان بەسەر تەواوی خاکەکەیدا ناوزەندی کرد.

سەرۆکی لوبنان ڕوویکردە گەلی وڵاتەکەشی و گوتی: "سوپاسی تایبەت بۆ ئێوە کە قوربانیتان دا و لە بەرامبەر هێرش و وێرانکاری و دەربەدەریدا خۆڕاگر بوون. ئێوە لە سەختترین کاتەکاندا یەکگرتوویی نیشتمانیی خۆتان سەلماند و نیشانتان دا کە یەک گەلن لەژێر یەک ئاڵادا." عۆن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتیان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە خاکێکی ئازادکراودا.

جۆزێف عۆن بەڵێنی بەردەوامیی دا و سوێندی خوارد کە کار بکەن بۆ لوبنانێک کە تێیدا "نە داگیرکاری هەبێت، نە دیل، نە پاشکۆیی و نە وەسایەت." جەختی کردەوە کە دەوڵەتی لوبنان لەمەودوا سەروەریی خۆی بەسەر خاک و خەڵکەکەیدا لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکەدا دابەش ناکات و ئەمەش بە پەیمانی خۆی بۆ هەموو لوبنانییەکی ئازاد و بەشەرەف وەسف کرد.