ترەمپ: بەهۆی پرسەوە یەک هەفتە دانوستانەکانم لەگەڵ ئێران دواخست

سەرۆکی ئەمریکا بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لێکردووە لە واشنتن؛ ئەم پەرەسەندنەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی جەنگی لوبنان و دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا، ناکۆکیی قووڵ لە نێوان هەردوولادا دروستبووە.

شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاند، , بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای کۆبوونەوەی لەگەڵدا کردووە لە واشنتن، و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتەی داهاتوودا (دوای گەڕانەوەی ترەمپ لە لووتکەی ناتۆ لە تورکیا لە 7 و 8ـی تەممووز) ئەم دیدارە ئەنجام بدرێت 

ترەمپ لەبارەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە شێوازێکی تەنزئامێز گوتی: "ئێمە زۆر بە باشی لەگەڵ یەکتر دەسازێین، ناتانیاهۆ خۆی دەزانێت کێ لێرە سەرۆکە" 

ئەکسیۆس ئاماژەی داوە، ئەمە دەبێتە یەکەم دیداری فەرمیی نێوان هەردوو سەرۆک لە دوای کۆبوونەوە پڕ لە ئاڵۆزییەکەی مانگی شوباتی رابردوو لە ژووری بارودۆخە نائاساییەکان، کە تێیدا ناتانیاهۆ پێشنیازی دەستپێکردنی جەنگی هاوبەشی دژی ئێرانی کردبوو.

بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، ئێستا راوێژکارە نزیکەکانی ترەمپ لە سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ بێهیوا بوون و پێیان وایە کە ناوبراو لەسەر سەرجەم پرسەکان بە هەڵەدا چووە.

سەرچاوە متمانەپێکراوەکان دەڵێن، ترەمپ مانگی رابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەهۆی سووربوونی لەسەر پەرەسەندنی جەنگی لوبنان، بە توندی هێرشی کردووەتە سەر ناتانیاهۆ و بە "شێت" وەسفی کردووە ؛ گرژییەک کە بووەتە هۆی لێکترازانی قووڵ لە نێو بازنەی کۆمارییەکاندا .

بەرژەوەندی و لێکدانەوە ئەمنییەکانی ترەمپ و ناتانیاهۆ لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بە تەواوی لە یەکتر جیا بوونەتەوە. سەرەڕای ناڕەزایەتییە توندەکانی ئیسرائیل، ترەمپ لێکتێگەیشتنی ئەمنیی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد و بە فەرمی دەستی بە دانوستانە ئەتۆمییەکان کردەوە.

ترەمپ هاوکات ناتانیاهۆی ناچار کرد هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکێشێتەوە، چونکە شەڕی لوبنان ببووە بەربەست لە بەردەم گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی تاران؛ بۆ ناتانیاهۆ، کە پێگەی جەماوەریی لە راپرسییەکاندا بە توندی پاشەکشەی کردووە، ئەم دیدارەی کۆشکی سپی بەر لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی داهاتوو لە ئیسرائیل، دەرفەتێکی چارەنووسسازە بۆ بەرزکردنەوەی چانسی سەرکەوتنی.

هەروەها ترەمپ بە ئەکسیۆسی راگەیاند، بە وردی چاودێریی رێوڕەسمی پرسەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران دەکات و ئاماژەی بەوە دا، ئێرانییەکان ئێستا بە پەرۆشەوە داوای رێککەوتن دەکەن و گوتی، هەردوولا بڕیاریانداوە بۆ ماوەی یەک هەفتە دانوستانەکان ڕابگرن تا مەڕاسیمی پرسەکە کۆتایی دێت و لەم ماوەیەشدا ئاگربەستی کاتی دەپارێزێت و کەس تەقە ناکات

سەرۆکی ئەمریکا بە شێوازی تەنزاویی تایبەتی خۆی لەسەر ئامادەبووانی پرسەکە گوتی: "هەموویان لەو مەڕاسیمە کۆبوونەتەوە. بە یەک هێرش دەتوانین هەموویان لەناو ببەین، بەڵام ئەمە ناکەین، چونکە ئەگەر وای بکەین کەسمان نامێنێت دانوستانی لەگەڵ بکەین" هەروەها گومانی لە راستگۆیی گریان و هاوخەمیی سەرنشینانی ئێرانی نیشاندا و رایگەیاند: "رەنگە فرمێسکی ساختە بن"