ئەمریکا هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکردەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، قۆناخێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، لە پلاتفۆڕمی ئێکس فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەیدا؛ کاتژمێر 11:30ـی درەنگانی شەوی 18ـی تەممووز، قۆناخێکی نوێی هێرشی کردە سەر ئێران و لەو هێرشانەدا هێزەکانیان چەندین شوێنی ستراتیژییان کردووەتە ئامانج، لەوانەش، بنکەکانی چاودێریی دەریایی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، کۆگاکانی موشەک و درۆن، بنکەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.
سێنتکۆم رایگەیاند، ئەم هێرشانەی ئەمریکا وەک وەڵامێکە بۆ ئەو پەلامارانەی کە لە 17ـی تەممووزدا لە ئوردن کرانە سەر سەربازانی ئەمریکا. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن؛ مەبەستیانە بەم هێرشانە توانای سەربازیی ئێران لاواز بکەن.
لای خۆیەوە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، لە هێرشەکانی پێشتری ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن، دوو سەربازی ئەمریکی کوژراون کە پێدەچێت بە مووشەکی بالیستی پێکرابن، هەروەها لە ماوەی تەنیا 5 رۆژدا، 4 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، بووەتە هۆی برینداربوونی دەیان سەرباز و تێکشکانی چەندین هێلیکۆپتەر، لەگەڵ یەکێک لە مووشەکە ئێرانییەکان توانیویەتی لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی تێپەڕێت و راستەوخۆ لە شوێنی حەوانەی سەربازەکان بدات لە بنکەی ئاسمانیی مەلیک فەیسەڵ.
ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوەیان پێکراوە و لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرش و مەترسییەک.