رووسیا گەورەترین هێرشی مووشەکی کردە سەر ئۆکرانیا

کاربەڕێکەری وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیارایگەیاند، رووسیا لە یەک هێرشدا زۆرترین مووشەکی بالیستی لە سەرەتای دەسپێکی جەنگی هەمەلایەنەوە ئاراستەی وڵاتەکەی کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، ئەندرێ سیبیها کاربەڕێکەری وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "رووسیا 40 مووشەکی بالیستی لە هێرشێکی  دڕندانەدا ئاراستەی کیێڤی پایتەخت کردووە، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس." داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد, گوشاری توند بخەنە سەر مۆسکۆ بۆ کۆتاییهێنان بەم کارانە.

لای خۆیەوە هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان توانیویانە 18 مووشەک لە کۆی 41 مووشەک بخەنە خوارەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد 23 مووشەک و 10 درۆن بەر 20 شوێنی جیاواز کەوتوون، لە هەمان کاتدا 108 درۆنیان لە کۆی 125 درۆنی رووسی تێکشکاندووە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاشکرایان کردووە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا بۆ سەر پایتەخت و دەوروبەری، کەسێک کوژراوە و 13ـی دیکە بریندار بوون، جگە لەوەی ئاگر لە چەندین شوێنی شارەکە کەوتووەتەوە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێرشێکی بەرفراوانی شەوانەیان کردووەتە سەر ژێرخانی وزە، بەندەرەکان و ناوەندەکانی پیشەسازی سەربازی ئۆکرانیا.

رووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، بەندەری یوژنی لە ئۆدیسا و کارگەی "رادیۆنێکس و ئارتێم"یان لە کیێڤ کردووەتە ئامانج، تایبەتن بە بەرهەمهێنانی پارچەی ئەلیکترۆنی و سیستەمی ئاڕاستەکردنی مووشەکە پێشکەوتووەکان.