پاکستان و کوەیت داوای پابەندبوون بە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن
وەزیری دەرەوەی پاکستان، داوای پابەندبوونی تەواوی بە ناوەڕۆکی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد کرد بۆ ئاگربەستی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران. ناوبراو هۆشداریشی دا لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیاتر پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ جەراح جابر ئەحمەد سەباح، وەزیری دەرەوەی کوەیت، دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
وەزیری دەرەوەی کوەیت نیگەرانی وڵاتەکەی بەرامبەر بەردەوامی ئەو هێرشانە دەربڕی کە خاکی کوەیت دەکەنە ئامانج. جەختیشی کردەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن بنوێنن و یاداشتنامەی لێکگەیشتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکەن.
لای خۆیەوە، ئیسحاق دار جەختی لە پێویستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان کردەوە، ئاماژەی بەوەش دا، پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە لە کارە هەرە لەپێشینەکانە.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێن، ئێران هەڵپەساردنی هەموو پابەندبوونەکانی لە یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند. تاران واشنتنی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە کاتی دانوستانەکاندا رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە و کردەوەی سەربازی ئەنجام داوە.
تاران پێی وایە ئەم پەرەسەندنانە گورزێکی کوشندەی لەو تێگەیشتنانە داوە کە بە نێوەندگیری پاکستان بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و زەمینەسازی بۆ چارەسەری سیاسی هاتبوونە کایەوە، بەتایبەت ئێستا بەهۆی هێرشە دوولایەنەکانەوە هەلی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ سیاسییەکان بەرەو کەمبوونەوە چووە.