نیویۆرک تایمز: ئەمریکا و ئێران لە جەنگێکی فراوان نزیکبوونەتەوە
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا و ئێران لە لێواری رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی گەورەدان، ئەمەش دوای کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن، کە وای لە واشنتن کرد بە زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ناوخۆی ئێران وەڵام بداتەوە.
یەکشەممە 19ـی تەممووزی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، دوو سەربازی ئەمریکی کوژران و چەندانی دیکە بریندار بوون، هەروەها سەربازێکی دیکەش بێسەروشوێنە، هەروەها نوسیوویەتی، ئەمە یەکەمین جارە لە دوای شکانی ئاگربەستی ئەمدواییە، سەربازی ئەمریکی بەهۆی هێرشی دوژمنکارانەوە بکوژرێن، بەمەش ژمارەی کوژراوانی سوپای ئەمریکا لە سەرەتای جەنگەکەوە بۆ 16 سەرباز بەرزبووەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەمە چوارەمین هێرشی ئێرانی بووە بۆ سەر ئوردن لە ماوەی پێنج رۆژدا، ئەمەش گرنگیی ستراتیژیی ئەو وڵاتە نیشان دەدات وەک یەکێک لە میواندارە سەرەکییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
وەڵامدانەوەی واشنتن و فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان:
سوپای ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکان، بەرگریی ئاسمانی و پێگەکانی سوپای پاسداران لە ناوخۆی ئێران، کە بە بەرپرسیار لە هێرشەکەی سەر ئوردن دادەنرێن.
لە بەرامبەردا، ئێران هێرشی کردە سەر کوەیت و بەحرەین، هاوکات حکوومەتی کوەیت رایگەیاند، دامەزراوەیەکی نەوتی، وێستگەیەکی کارەبا و یەکەیەکی چارەسەرکردنی ئاو کراونەتە ئامانج، تەلەفزیۆنی فەرمی بەحرەینیش تێکشکاندنی چەند هێرشێکی ئاسمانیی ئێرانی لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا راگەیاند.
پێت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، کوژرانی سەربازەکان "تەنها سووربوونی ئێمە زیاتر دەکات". بەڵام نیویۆرک تایمز دەڵێت ئەم پەرەسەندنانە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەخاتە ناو تاقیكردنەوەیەکی سەختەوە سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم جەنگەی کە چوار مانگ لەمەوبەر شانبەشانی ئیسرائیل دەستی پێکرد، چونکە ترەمپ بەڵێنی دابوو کە ئەم هەڵمەتە کورت و یەکلاکەرەوە بێت، بەڵام جەنگەکە درێژەی کێشا و بووە هۆی شڵەژانی بازاڕەکانی وزەی جیهان.
سەرەڕای پەرەسەندنی هێرشەکان، هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دیار نییە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، ئەمریکای بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی مانگی حوزەیران تۆمەتبار کرد و رێککەوتنەکەی بە بێبایەخ وەسف کرد.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە 27ـی حوزەیرانەوە تا ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە زیاتر لە 50 کەس کوژراون و زیاتر لە 500 کەسیش بریندار بوون، هاوکات، هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بە تەواوی پەکی کەوتووە و ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی دەستپێکردووەتەوە.