عێراقچی: گەرووی هورمز بۆمبە ئەتۆمییە راستەقینەکەی ئێرانە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کۆتاییهێنان بە جەنگ بڕیارێکی بەکۆمەڵی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بووە؛ جەختی کردەوە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ فرۆشتن نییە و راگرتنی فەرمیی پیتاندنی وەک هێڵی سووری شکۆی وڵات وەسف کرد؛ ئاماژەی بەوە دا ناتانیاهۆ بەهۆی لێکدانەوەی هەڵەوە ترەمپی پەلکێشی جەنگ کردووە، هەروەها ڕایگەیاند، گەرووی هورمز بۆمبە ئەتۆمییە راستەقینەکەی تارانە کە هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەکەدا گۆڕیوە.

یەکشەممە 19ـی تەممووزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆتاییهێنان بە جەنگ بڕیارێکی بەکۆمەڵی "ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی" بووە؛ گوتیشی: "جەنگی 12 رۆژە تەنیا پێشەکییەک بوو بۆ سەرکەوتنی گەورە لە جەنگی 40 ڕۆژەدا." ئاشکراشی کرد، دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان تەنیا بۆ پێشاندانی بەڵگە بووە، تاوەکو لە داهاتوودا کەس نەڵێت ئەگەر ئێران رێگەی دیپلۆماسی بگرتایەتە بەر، جەنگ ڕووی نەدەدا.

عێراقچی باسی لەوە کرد، بە ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمریکای گوتووە: "تا ئێستا لە کۆبوونەوەیەکدا بوویت کە ئەگەری بۆردومانکردنی نەبووبێت؟" گوتیشی بە ئەمریکییەکانم راگەیاندووە، "پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ فرۆشتن نییە" و ناتوانن بە هەڕەشە ئیرادەی تاران بگۆڕن. عێراقچی بەراوردی ئێرانی لەگەڵ ڤەنزوێلا ڕەت کردەوە و ئاماژەی دا: "ئێرە ڤەنزوێلا نییە کە بە لابردنی کەسێک، ئەوانی دیکە بترسن."

وەزیری دەرەوەی ئێران سەرنجی خستە سەر پێکهێنانی "کۆمیتەی ئەتۆمی" لە ناو سکرتارییەتی ئەنجوومەنی ئاسایش کە دواتر بوو بە "کۆمیتەی دانوستان" و بە "کۆمیتەی 6 کەسی" دەناسرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە جەنگی 12 رۆژەدا زیانیان بەرکەوت و پڕۆسەی پیتاندن بە ناچاری وەستا، بەڵام قبووڵکردنی داواکاریی دوژمن بۆ راگرتنی فەرمیی پیتاندن، زیانەکەی زۆر لە جەنگ گەورەتر بوو، چونکە بە واتای فرۆشتنی شکۆی وڵات دەهات.

هاوکات عێراقچی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تۆمەتبار کرد بەوەی بە لێکدانەوەیەکی هەڵە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەلکێشی جەنگ کردووە بەو هیوایەی کۆماری ئیسلامی لەناو ببات. گوتیشی: "دوژمن لە داوای خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجەوە دەستی پێکرد، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن؛ ئەمە واتای ئەوەیە کە ئێران وەک زلهێزێک بەرامبەر ئەمریکا دانیشت و واشنتنی ناچار کرد رێز لە سەروەریی خاکەکەی بگرێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، هەموو شتێک لە لێکدانەوەیەکی هەڵە بۆ ئێرانی لاواز دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا جیهان تێگەیشت کە ئیرادەی بەرگری لای تاران لە هەموو کاتێک بەهێزترە. ئەو گەرووی هورمزی بە چەکی یەکلاکەرەوە و بۆمبە ئەتۆمییە ڕاستەقینەکەی ئێران وەسف کرد کە توانیویەتی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت.