گەشتە ئاسمانییە پەککەوتووەکانی ئەمریکا دەستپێدەکەنەوە

 وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە  ئەمریکا تا کۆتایی ئەمڕۆ یان سبەی کۆتایی دێت.

یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، شۆن دافی،  وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ NBC گوتی: گرفتەکانی جموجۆڵی فڕۆکەوانی بەمزووانە کۆتاییان دێت.

پێشتر ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، کەموکوڕییەکی تەکنیکی لە کاتی نوێکردنەوەی هێڵەکانی پەیوەندی تایبەت بە چاودێری جموجۆڵی ئاسمانی، بووەتە هۆی راگرتنی گەشتەکان لە سەرانسەری ئەمریکا بۆ ماوەی 4 کاتژمێر لە هەینی رابردوودا. ئەو رووداوە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هەزاران گەشت و پەککەوتنی جموجۆڵی گەشتیاران.

وەزیری گواستنەوە ئاشکرایکرد، کەموکوڕییەکە لە کاتی گۆڕینی وایەرە مسینە کۆنەکان بە کەیبڵی فایبەر ئۆپتیکی خێرایی بەرز روویداوە. ئەم گۆڕانکارییە بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە لە سیستەمەکانی پەیوەندی فڕۆکەکان و داتا و زانیارییەکانی رادار.

دافی روونیکردەوە، کێشەکە یان بەهۆی هەڵەیەکەوە بووە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەی کاری نوێکردنەوەکەی کردووە، یان بەهۆی ئامێری لەکارکەوتووەوە بووە. دافی رایگەیاند،، کەموکوڕییەکە گەیشتووەتە ئامێرەکانی ئاراستەکردنیش لە ناو سیستەمی چاودێری جموجۆڵی ئاسمانیدا.

برایان بیدفۆرد، سەرۆکی ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی رایگەیاند، هەینی رابردوو نزیکەی 12,000 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاونەتەوە. بیدفۆرد پێشبینی کردبوو 4,000 بۆ 5,000 گەشتی دیکە لە شەممە رابردوودا هەڵبوەشێنەوە، لە کۆی 41,000 گەشت کە بڕیاربوو بدرێن.