بەغدا هەڵمەتێکی فراوان بۆ بنبڕکردنی قاچاخچێتیی نەوت لە جرف سەخر دەستپێدەکات
عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە ئامادەبوونی عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا کۆبوونەوەیەکی فراوانی لە بارەگای نووسینگەکەی سەرۆکایەتیکرد، تا بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێنمایی و رێکارەکان لەبارەی دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە جرف سەخر بکرێت.
یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، لەو کۆبوونەوەیەدا بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان، فەرماندەی هێزی وشکانی، ئەمینداری کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان لە نووسینگەی فەرماندەی گشتی، بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، یاریدەدەری ئۆپەراسیۆنەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، بریکاری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی و ژمارەیەک لە فەرماندە و ئەفسەران ئامادەبوون. هاوکات فەرماندە و بەرپرسانی هەواڵگری و دەزگا ئەمنییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان لە رێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە بەشدارییان کرد.
کۆبوونەوەکە پێشنیار و رێکارەکانی تایبەت بە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی جرف سەخری تاوتوێکرد. هەروەها باس لەو سزایانە کرا کە بەسەر ژمارەیەک فەرماندە و ئەفسەری یەکە ئەمنییەکاندا سەپێندراوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو کەموکوڕی و کەمتەرخەمییانەی لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکاندا سەلمێنراوە، لەگەڵ خستنەڕووی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەمبارەیەوە و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیان.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم دۆسیەیە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی دەوڵەت و ماڵی گشتی و سامانی خەڵکی عێراق، کە پێویست دەکات بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و توندوتۆڵییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. رایانگەیاند، بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتی داوا لە هەموو فەرماندە و ئەفسەرێک دەکات ئەرکەکانیان بەتەواوی جێبەجێ بکەن و هەر جۆرە دەستبردن بۆ کەمکردنەوەی جێبەجێکردنی ئەرکەکان یان سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان قبووڵناکرێت. جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەبێت یاسا بەبێ هیچ جیاکاری و تێبینییەک بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر گرنگیی بەکارهێنانی زانیارییە هەواڵگرییەکان و هەماهەنگیی نێوان دەزگا و یەکە پەیوەندیدارەکان کرایەوە. هاوکات جەخت لەسەر خێراکردنی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن، بەدواداچوونی داواکراوان، بەهێزکردنی کاریگەریی بازگەکان و پێداچوونەوە و کاراکردنی رێکارەکانی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان و کۆمپانیاکان کرایەوە، بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک کە ئاسایشی ئەو دامەزراوانە بخاتە مەترسییەوە یان رێگە بە بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی نایاسایی بدات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر پێویستیی پابەندبوون بەو رێنماییانە و بەدواداچوونی مەیدانی بۆ جێبەجێکردنیان کرایەوە، لەگەڵ دیاریکردنی وردی بەرپرسیارێتییەکان بەجۆرێک کە گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە بکات، شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا بەهێز بکات و ماڵی گشتی بپارێزێت.