روانگەی سووری: بازگەکانی مەنبەج رێگری و سووکایەتی بە شۆفێرانی کورد دەکەن

 روانگەی سووری  بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، ژمارەیەک شۆفێری کورد لە بازگەیەکی ئەمنی لە دەروازەی مەنبەج لەسەر رێگەی حەلەب، رووبەڕووی گوشار و سووکایەتی بوونەتەوە. رایگەیاندووە، ئەو پێشێلکارییانە بەشێوەیەکی بەربڵاو ئەو شۆفێرانەی گرتووەتەوە کە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان هی کۆبانییە و بەنیاز بوون بەرەو حەلەب گەشت بکەن.

یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ئەو سکاڵایانەی ئاراستەی چالاکوانانی روانگەکە کراون، شۆفێرەکان رایانگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی تابلۆی کۆبانییان بەستووە، رووبەڕووی قسەی نەشیاو و سووکایەتی بە ناسنامەی نەتەوەیی کوردی بوونەتەوە. هەروەها ئەندامانی بازگەکە داوایان لێکردوون تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ تابلۆی پارێزگای حەلەب بگۆڕن.

شۆفێرەکان جەختیانکردووەتەوە، ئەو رەفتارانە لە کاتێکدایە هیچ بڕیارێکی فەرمی و روون لە ئارادا نییە وادەیەکی دیاریکراو بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل دابنێت، یان میکانیزمێک بۆ رێکخستنی تابلۆی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکاندا دیاری بکات.

روانگەی سووری  بۆ مافی مرۆڤ پێیوایە ئەو رەفتارانە ترس و نیگەرانی دروستکردووە. ئەم رێکارانە بووەتە ئامرازێک بۆ گوشار و جیاکاری لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی و سنووردارکردنی ئازادیی هاتوچۆی هاووڵاتییان.

لە کۆتاییدا، روانگەی سووری  بۆ مافی مرۆڤ جەختیکردەوە لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە کەرامەتی هاووڵاتییان و دڵنیابوون لە یەکسانی لە مامەڵەکردن بەبێ جیاکاری لەسەر بنەمای نەتەوە یان ناوچە. ئەو رێکخراوە هۆشداری دا بازگە ئەمنییەکان بۆ سووکایەتیکردن یان گوشارخستنەسەر هاووڵاتییانی مەدەنی بەکارنەهێنرێن.