ئەمریکا باجی گومرگی بەسەر 14 وڵاتدا دەسەپێنێت

 ئەمریکا پێشنیازێکی بۆ سەپاندنی باجی گومرگی لەسەر 14 وڵات دیاریکردووە، لەنێویاندا چین و یەکێتیی ئەوروپا هەیە، ئەم هەنگاوە دوای لێکۆڵینەوەیەک دێت چەند مانگێکی خایاندووە و تێیدا گومانی هەبوونی زیادەی بەرهەمهێنان کراوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵدەدات پەیوەندییە بازرگانییەکانی واشنتن دووبارە دابڕێژێتەوە.

چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، رێژەی ئەو باجانە دەگاتە 20%، چونکە پێمان وایە ئەو 14 ئابوورییە هانی بەرهەمهێنان و توانای بەرهەمهێنان دەدەن، بەبێ رەچاوکردنی خواستی بازاڕ و بنەماکانی. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، ئەم پێشنیازە پێش چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت بە قۆناخی راوێژکردن لەگەڵ رایگشتیدا تێپەڕێت و رەچاوی رێککەوتنە بازرگانییە هەنووکەییەکانیش کراوە.

ئەو باجە نوێیانە چەندین هاوبەشی بازرگانیی ئەمریکا دەکاتە ئامانج، لەنێویاندا چین، یەکێتیی ئەوروپا، هیندستان، بەنگلادیش، کەمبۆدیا، ئیندۆنیزیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، مالیزیا، سەنگافوورە، سویسرا، تایوان، تایلاند و ڤێتنام. سەرەڕای دانانی باجی 20% بۆ چین، جامیسۆن غەریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم باجانە لە چوارچێوەی دانوستانە بازرگانییەکانی ئێستایان لەگەڵ پەکیندا دەبن.

جامیسۆن غەریر  بە سی ئێن بی سی گوت: "چین دەزانێت ئێمە رێژەیەکی دیاریکراو باجی گومرگی دەسەپێنین، ئەم هەنگاوەش بەشێکە لەو تێگەیشتنە". ئەو بەرپرسە رایگەیاند،، ئەمریکا بەخشش پێشکەش بە چین دەکات کە کاڵایەک بە بەهای نزیکەی 30 ملیار دۆلار دەگرێتەوە. لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی چین پێشتر هۆشداری دابووە واشنتن لە چوونە ناو جەنگی باجی گومرگی و جەنگی بازرگانی.

بەگوێرەی ئامارەکانی نووسینگەی نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا، ڤێتنام رووبەڕووی باجی 20% دەبێتەوە، لە کاتێکدا رێژەی باجی پێشنیارکراو بۆ کەمبۆدیا و ئیندۆنیزیا 18% و بۆ هیندستان 17% دەبێت. بۆ ئەو هاوبەشانەش کە پێشتر رێککەوتنی بازرگانییان لەگەڵ واشنتن واژۆ کردووە، وەک یەکێتیی ئەوروپا، کۆریا و تایوان، باجەکە تا ئاستی 15% دەبێت.

یەکێتیی ئەوروپا دژایەتیی خۆی بۆ ئەو باجانە دەربڕی و جەختیکردەوە، چاوەڕێیە واشنتن پابەندی ئەو رێککەوتنە بێت ساڵی رابردوو لەگەڵ برۆکسل کردوویەتی. ئۆلوف غیل، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەوروپا گوتی: "ئەنجامەکان تاوتوێ دەکەین و ئەو گریمانەیەش بە توندی رەتدەکەینەوە گوایە ئەوروپا سەرچاوەی زیادەی توانای بەرهەمهێنانی پێکهاتەییە، بە پێچەوانەوە، ئەوروپا یەکێکە لەو لایەنانەی زیاتر لە هەمووان بەرکەوتەی دەرهاویشتەکانی ئەو زیادەی بەرهەمهێنانە دەبێت".

لە بڕیارێکی جیاوازدا، نووسینگەی نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا پێشنیاری باجی زیاتری لەسەر بەرهەمەکانی بەرازیل کردووە، لەنێویاندا فڕۆکە، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی بەرازیل هیچ هەنگاوێکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییە بازرگانییەکانی ئەمریکا نەناوە. سیاسەتی باجی ترەمپ هاوپەیمان و رکابەرەکانی واشنتنی بە هەمان شێوە کردووەتە ئامانج، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیەتی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بازرگانیی جیهانی لە رێگەی ناچارکردنی وڵاتان بۆ کڕینی بەرهەمی ئەمریکی یان بەرهەمهێنانی کاڵاکانیان لەناوخۆی ئەمریکادا.

بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا گوتی: "پێشبینی ناکەین ئەم بابەتە لە کاتی لووتکەی گرووپی 20 دا، کە بڕیارە ترەمپ لە کانوونی یەکەمی داهاتوودا لە مەیامی میوانداریی سەرکردەکانیان بکات، ببێتە هۆی دروستبوونی گرژی". ئەو بەرپرسە رایگەیاند، کە چاوەڕێن دوای ئەو راگەیاندنانە بتوانن رێککەوتنی زیاتر لە کاتی لووتکەکەدا واژۆ بکەن.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە زیادەی توانای بەرهەمهێنان زۆرێک لە کەرتەکان دەگرێتەوە، لە پاترییەوە تا چیمەنتۆ، ماددە کیمیاییەکان و خۆراکی ئامادەکراو. ئەو باجانە دەکرێت گوشاری زیاتر بخاتە سەر بازرگانییەکانی ئەمریکا، ئەمەش ئەگەری ئەوە زیاتر دەکات کۆمپانیاکان تێچووەکان بخەنە ئەستۆی بەکاربەران.

رەیان ماجیرۆس، پارێزەری بواری بازرگانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، پێشبینی دەکات ئەم لێکۆڵینەوەیە لەنێو گرنگترین ئەو رێکارانەدا بێت ئیدارەی ترەمپ دەستی بۆ بردووە، چونکە کارگە خاوەن توانای بەرهەمهێنانی زۆرەکان لە دەرەوە کاردەکەن و هەرگیز بەرهەمهێنان رانەگرن، تەنانەت ئەگەر خواستیش نەبێت. ئەو پارێزەرە روونیکردەوە، ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی زۆربوونی کاڵا لە بازاڕدا و دابەزینی نرخەکان.

بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا رایگەیاند، باجە نوێیەکان ناخرێنە سەر ئەو باجانەی کە پێشتر لەسەر کەرتی دیاریکراو وەک ئۆتۆمبێل و پۆڵا سەپێنراون. هەروەها ئەو ئابوورییانەی پێشتر بەهۆی کاری زۆرەملێ یان زیادەی بەرهەمهێنانەوە رووبەڕووی باج بوونەتەوە، تەنیا بەرزترین رێژەی باج لەنێوان هەردوو پاکێجەکەدا بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت.