سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر دوو کەشتی

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوو کەشتییان لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەش کرد، دوو کەشتیی دیکەش دوای پێدانی هۆشداری، گەرانەوە و پاشەکشەیان کردووە.

ئەمرۆ یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، سوپای پاسداران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "هەر چوار کەشتییەکە سیستمی دەریاوانیی خۆیان پەکخستبوو و بە پاڵپشتیی ئەمریکا هەوڵیان دەدا لە رێڕەوێکی نائارامەوە لە گەرووەکە بچنە دەرەوە."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئێران پێشتر جەختی کردووەتەوە کە هیچ دڵۆپە نەوت، گاز یان پەینی کیمیایی بەبێ مۆڵەتی تاران بە گەرووی هورمزدا تێناپەڕێت"، هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە هێزەکانی سوپای پاسداران کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزیان لەدەستدایە و تەنیا رێڕەوی ئارامیش، ئەو رێڕەوەیە کە لەلایەن ئێرانەوە دیاری کراوە و راگەیەندراوە.

سوپای پاسداران هۆشداری داوە لەوەی کە "ئەو کەشتییانەی دەکەونە ژێر کاریگەریی لێدوانەکانی ئەمریکا و رێڕەوی نائارام دەگرنە بەر، بە دڵنیاییەوە رووبەڕووی رووداو دەبنەوە."

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە 18ـی تەممووزەوە رێڕەوی 5 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و کەشتییەکی دیکەشیان پەکخستووە، سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە، "هێزەکانی ئەمریکا بە توندی بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا."