سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان داوا دەکات گرفتی هەنگەوانان چارە بکرێت

سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان ڕایگەیاند، کە ئەمساڵ هەندێک ئاستەنگییان بۆ دروست بووە، کە ناتوانن لە هەولێرەوە هەنگەکانیان ببەن بۆ ناوچە کوێستانییەکان، لەوبارەوە داوا دەکات کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
شەممە، 15ـی حوزەیرانی 2024، عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەکوو تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان، لە هەموو هەرێمی کوردستان 16 هەزار هەنگەوانمان هەیە، تەنیا لە پارێزگای هەولێر چوار هەزار و 200 هەنگەوانمان هەیە، ساڵانە %97 لە هەنگەوانان دەچنە کوێستانەکان، چونکە ئەگەر پلەی گەرمی لە 30 پلە سەرکەوێت ئیتر هەنگ مان و نەمانی دیار نییە و وەکو پێویست ناتوانێت کار بکات و دەمرێت.
سەرۆکی هەنگەوانان دەڵێت، "ئێمە ناوچەی شاخاوی فراوانمان هەیە کە جێگای یەک ملیۆن پوورە هەنگ دەبێتەوە، بەڵام لە وەرزی زستانەوە خەڵکی سیدەکان پێشنیارێکیان پێشکەش کردووە بەوەی جگە لە هەنگەوانی دەڤەری برادۆست، نابێت هەنگی هیچ لایەک بێتە ناوچەی سیدەکان! ئەوان حەزناکەن هیچ هەنگەوانێکی دیکە بێنە ئەوێ. خەڵکی ئەو ناوچە نزیکەی چوار هەزار پوورە هەنگیان هەیە، بەڵام تەنیا لە پارێزگای هەولێر ڕیژەی هەنگەکانی ئەوهنیان هەیە، ئەو هەنگەوانانەی لەوێشن ڕێگریی لەو خەڵکە دەکەن و ناهێڵن هەنگەوانی دیکە بڕۆنە ئەو دەڤەرە".
دەشڵێت: "هەنگەوانانی سیدەکان دواتر بە شێوازی کۆن هەنگەکان بەخێو دەکەن، بە سەبەتە و کۆمەڵی بابەتی دیکە خەریکی بەخێوکردن و کە هەمووی لە کۆندا بەکارهێنراون، بە سیستەمی مۆدێرن بەخێوی ناکەن".
ئەو بەرپرسە گوتی، "ئێمە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە ڕەوانەی ئیدارەی سۆران کراین بۆ ئەوەی کێشەکەمان چارە بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەبووە. داوا لەلایەنە بەرپرسەکان دەکەن بێنە سەر هێڵ و ئەو گرفتە چارە بکەن.
ڕاشیگەیاند، "ئێمە بە پاڵپشتی سەرۆکی حکوومەت لەسەرەتایی هەناردەکردنی بەرهەمی کوردستانین بۆ دەرەوە، ئێستە هەنگوینی کوردستان داواکارییەکی زۆری لەسەر هەیە، ڕاگەیاندنەکان و کشوکاڵ لە ساڵی پارەوە ڕایدەگەینن و دەڵێن هەنگ زیاد بکەن، دەرچووانی زانکۆکان تازە دەیانەوێت بێنە سەر ئەم کارە.
هەروەها گوتیشی: دەبوو لە مانگی پێنج هەنگ بگوازرێتەوە ئێستە وا نزیک دەبینەوە لە مانگی حەوت هەنگی خەڵک هەمووی لەبەر هەتاوە و دەمرن دواتر هەنگەوان جووتیارە و تەواوکەری کاری جووتیاریشە ئەگەر %20 سودی بۆخۆی هەبێت، %80 سوودی بۆ پیتاندنی باخ و باخاتی گوڵی جووتیارانی دیکە هەیە.
لای خۆیەوە ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان گوتی، تا ئێستە 267 کەس مۆڵەتییان پێدراوە کە بێنە شارەدێی سیدەکان بۆ دانانی پوورەی هەنگ ئەوەی دیکەش ماوە ناوەکانمان لایە دەمانەوێت بەراوردێک بکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئەوانەی ساڵی ڕابردوو چوونەتە سیدەکان هەنگەوان بوون، یاخود ئەو کەسانەن کە بەناوی گشتیاری و سەیران و سەردان هاتوون بەڵام لە ڕاستیدا بۆ ڕاوکردنی کەو چوونەتە ئەوێ.
باسی لەوەشکرد، ئێمە تەنیا ئامانجمان ئەوەیە کە هەندێک ئیش هەیە ڕێگریکردن نییە، ڕێكخستنەوەیە. ساڵی ڕابردوو کۆمەڵێک کەس هەبووە بەناوی کاری هەنگەوانی هاتوونەتە ناوچەکە کەچی لە ڕاستیدا بۆ ڕاوە "کەو" هاتبوون.
گوتی، "کێشەیەکی دیکەش هەبووە هەندێک لەو کەسانە کە چوونەتە هەندێک شوێن چونکە جێگەی مەترسی بوون، ئەو شوێنانەی کە مەترسین و نزیک سەربازگەکانن بوون، یان ئەو شوێنانەی بەردەوام تۆپباران و بۆردومانی تێدا هەیە لەو ناوچانە دوور بکەونەوە".
گوتیشی: "ئێمە ڕێگەمان بە هەموو هەنگەوانان داوە، بەڵام ئەوانەی بەڕاستی هەنگەوانن، نەک ئەوانەی کە چەند مێشێکی پێیە و دەڵێت من هەنگەوانم و ڕێگەم پێنادرێت و ئامانجیشی شتێکی دیکە بێت، چونکە ساڵی ڕابردوو ئەو گرفتەمان هەبوو، بۆیە ئەمساڵ دەبێت ئەوانەی هەنگەوانن ناسنامەی هەنگەوانیان هەبێت".
ڕاشیگەیاند، "ئەوەی کە هەیە ئەمساڵ پارێزگارییە لە مێشی ڕەسەن، بۆ ئەوەی بەرهەمێکی باش بەرهەم بهێنێت، ئەوانەشی هەنگەوان نین نابێت سەردانی ئەو شوێنانە بکەن".
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە سەرتاسەری هەرێم 8635 مێشەوان هەن و خاوەندارێتی 330 هەزار مێش دەکەن و تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی هەرێمی کوردستان لە هەنگوین زیاتر لە 660 تۆن بووە.
لە 29ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بە سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و پاڵپشتیکردنی جوتیاران و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، دوو تۆن هەنگوینی کوالیتیى بەرزی کوردستان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هەناردەی قەتەڕ کرا، ئەمە جیا لەوەی بەشێکی دیکەی بەرهەمی هەنگوین لە بازاڕە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ساخ کراوەتەوە.