مایڵز کاگینز: هەناردەکردنەوەی نەوت پێویستی بە ڕێککەوتنێکی نوێ هەیە

گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دووپاتی کردەوە، کە کۆمپانیا نەوتییەکان داوای ڕێککەوتنی نووسراو دەکەن. جەختی لەوەش کردەوە، هەناردەکردنەوەی نەوت پێویستی بە ڕێککەوتنێکی نوێ و کات هەیە.
شەممە 6ـی ئەیلوولی 2025، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، لە میانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، تا ئێستا ڕێکەوتێکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نییە.
گوتەبێژی ئەپیکور، ئاشکرای کرد، وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان، نەوتی فیدراڵ، هەروەها کۆمپانیا نەوتییەکان (ئەپیکور) و سۆمۆ بەردەوام لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بگەن بە ڕێککەوتنێکی نووسراو.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەو کۆمپانیایانەی کە ئەو نوێنەرایەتیی دەکات، داوای ڕێککەوتنی نووسراو دەکەن لە بەرانبەر فرۆشتنی نەوت.
مایڵز کاگینز، نەیشاردەوە کە هەوڵێك لە لایەن حکوومەتی ئەمەریکاوە هەبووە، بۆ ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هان بدات و ڕێککەوتنی نووسراو واژۆ بکات بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت.
لە بارەی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە، مایڵز کاگینز، گوتی: هەر کۆمپانیایەکی نەوت خۆی بڕیار دەدات کە کەی نەوت هەناردە دەکاتەوە، بەڵام وەک دەزانن ئەپیکور هەمیشە ڕایگەیاندووە کە پێویستی بە ڕێککەوتنی نووسراو هەیە.
هەر لە بارەی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە، گوتەبێژی ئەپیکور، ڕایگەیاند: کۆمپانیاکانی ئێمە دەیانەوێت مەرج و مافەکانیان پارێزراو بێت، هەروەها دەیانەوێت مەرجە داراییەکانیان لە گرێبەستکان ڕێزیان لێ بگیرێت.
ئەمڕۆ شەممە 6ـی ئەیلوولی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی کۆڕبەندی وزە لە بەغدا بە ڕۆژنامەنووسانی گوتوبوو: کێشە لە نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتی هەرێم نەبووە، یان کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتی فیدڕال، بۆیە لەم ڕۆژانە کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوومەتەکانی هەرێم و فیدڕال پێکەوە دەگەنە ئەنجامێک.
لە لایەکی دیکەوە عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە وەڵامی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24ـدا، گوتوبووی: لە لایەن ئێمەوە لە بارەی ڕێككەوتن و گرێبەستەكان هەموو شتێك تەواو كراوە و هەموو ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، باسی لەوەش کردبوو، ئێستا ئێمە چاوەڕێین نەوتمان بۆ بنێرن، هەروەها وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و نەوت هەموو هەوڵێکیان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت خستووەتەگەڕ.
لای خۆیەوە باسم خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، لە وەڵامی کوردستان24، ڕایگەیاندبوو، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت زیاتر پشت بە حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکان دەبەستێت، ئێمە هەموو ئاسانکارییەکمان کردووە بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەکردنەوەی.
گوتوبووشی: پشتیوان بە خوا لە چەند رۆژی هاتوودا، لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان دەگەینە ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرسە.