پۆڵەندا دوای هێرشی ڕووسیا لە نزیک سنوورەکانی فڕۆکەی سەربازی جێگیر دەکات

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، پۆڵەندا چەند مانۆڕێکی سەربازیی ئەنجامدا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا هێرشی ئاسمانی کردە سەر ڕۆژئاوای ئۆکرانیا لە نزیک سنووری پۆڵەندا.
فەرماندەی بەرگریی پۆڵەندا ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی پۆڵەندا و هاوپەیمانەکانی بەیانی زوو چالاک بوون بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی ئاسمانی پۆڵەندا. لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "فڕۆکەکانی پۆڵەندا و هاوپەیمانەکانی لە ئاسمانی وڵاتەکەماندا چالاکن، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی زەمینی و سیستەمی سیخوڕی ڕادار لەوپەڕی ئامادەباشیدان."
هەروەها گوتیشی: دوای هێرشی ڕووسیا لە نزیک سنوورەکان، فڕۆکەی سەربازی جێگیر کراون و لەرێگەی فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی ڕادارەوە بە وردی چاودێریی سنوورەکانیان لەگەڵ ئۆکرانیا دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی پۆڵەندا ڕایگەیاند، ئەوەی کەوتووەتە خوارەوە گومانی لێدەکرێت درۆنێکی سەربازی بێت، گوتیشی: پۆلیس دواتر وردەکاری زیاتر دەخاتە ڕوو. لای خۆیەوە گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەکە پشتڕاستی کردەوە، درۆنێک لە گوندی ماجدان شلچ لە ناوچەی لوبلین لە ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا نزیکەی 500 مەتر لە باڵەخانەکانەوە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ کەسێک زیانی بەرنەکەوتووە.
پۆڵەندا لە ئامادەباشییەکی زۆردایە بۆ پێشێلکارییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا، بەتایبەت لە شەڕی ساڵی 2022دا، کەمووشەکێکی ئۆکرانی لە گوندێکی باشووری وڵاتەکەی کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا دوو کەسی کوشت، ئەمەش تەنها چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی تەواوەتی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.