ئەمڕۆ کۆتا وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاینە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2025، د. سەرسام شوانی، ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی کارگێڕی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک پەیمانگای تەکنیکی کارگێڕی هەولێر، خۆم ئەندامی زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێرم کە یەکێکە لە زانکۆ قازانج نەویستەکان و پەیمانگای تەکنیکی کارگێڕی هەولێر سەر بەو زانکۆیەیە. پسپۆرییەکانی ئەو زانکۆ و پەیمانگایە زۆر فراوانە، بەتایبەت لەسەر ئاستی زانکۆکەمان."

گوتیشی: "سنووری زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر فراوانە و ناوچەکانی مێرگەسۆر، سۆران، خەبات، و شەقڵاوە دەگرێتەوە. بە هەوڵی ئەندامانی زانکۆ بە تایبەتی سەرۆکی زانکۆ کە زۆر پەرۆشە بۆ سەرکەوتنی ئەو زانکۆیە، لە ڕوانگەی ئاستی زانستی و گرنگیدان بە کۆمەڵگا، پێشکەوتنی باش بەدەست هاتووە."

د. سەرسام شوانی ئاماژەی بەوەشدا: "لەسەر ئاستی زانکۆکەمان، لەو کاتەی زانکۆلاین کارا بووە، من بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی بووم. ئێستاش توانیمان بە هەماهەنگی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان ئەو بابەتە بەهەند وەربگرین و نزیکەی هەزار فۆڕم لای ئێمە پڕکراوەتەوە."

ڕاشیگەیاند، "ئەو کەسانەی کە دێن بۆ پڕکردنەوەی فۆرم لێرە دەگەڕێتەوە بۆ متمانەبوون بە زانکۆکەمان."

 
 
Fly Erbil Advertisment