یەکەمین پێشانگای تایبەت بە مۆبیلیات لە سلێمانی کرایەوە
لە سلێمانی بۆ یەکەمجار پێشانگایەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مۆبیلیات کرایەوە. لەم پێشانگایەدا ژمارەیەک کۆمپانیای ئێرانی بەشدارن و نوێترین بەرهەم و کارەکانیان لە بواری مۆبیلیاتدا نمایش دەکەن.
پێشانگاکە لە 6ـی مانگەوە دەستی پێکردووە و تا 13ـی ئەم مانگە لە "پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی" بەردەوام دەبێت. ڕۆژانە لە کاتژمێر 11:00 پێشنیوەڕۆ تا 6:00 ئێوارە دەرگای بە ڕووی هاووڵاتیان و بازرگاناندا کراوەیە.
هەرچەندە ساڵانە پێشانگای جۆراوجۆر لە شارەکە دەکرێنەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە پێشانگایەک تەنها بۆ مۆبیلیات تەرخان بکرێت. 10کۆمپانیای ئێرانی لە شارەکانی هەمەدان، ئەسفەهان، تاران و ناوچەکانی دیکەوە بەشدارن. ئامانج لەم هەنگاوە دروستکردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئێران و ئاشنابوونە بە خواستی بازاڕ.
حوسێن ساڵحی، خاوەن کارگەی مۆبیلیات کە 25 ساڵە لەم بوارەدا کار دەکات و لە شاری هەمەدانەوە هاتووە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ماوەی چوار بۆ پێنج مانگە ئامادەکاری بۆ ئەم پێشانگایە دەکەین. ئامانجمان ئەوەیە باشترین کوالێتی بە نرخێکی گونجاو پێشکەش بکەین."
وتیشی: "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای خواستی خەڵکی سلێمانی بین و بزانین چییان بەلاوە گرنگە تا بۆیان دروست بکەین."
لە ئێستادا بازاڕی مۆبیلیات کێبڕکێی زۆری تێدایە و جگە لە بەرهەمی ناوخۆیی، مۆبیلیات لە وڵاتانی وەک تورکیا، چین، میسر و ئەمەریکاشەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لای خۆیەوە جەزا ڕەزا، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران ئاماژەی بە قەبارەی بازرگانی کرد و گوتی: "ڕاستە ئامارێکی دیاریکراومان تەنها بۆ مۆبیلیات نییە، بەڵام بەگشتی ساڵانە بە بەهای 6 بۆ 7 ملیار دۆلار کاڵا لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە بەشێکی زۆریشی ڕەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێت."
