بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەخشەڕێگای سووریای لامەرکەزی دەخاتە ڕوو
لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵوێستی فەرمیی خۆی ڕاگەیاند و وێڕای بەرزنرخاندنی ڕووخانی ڕژێمەکە وەک هەنگاوێکی مێژوویی، ڕەخنەی توندی لە توانای حکوومەتی ڕاگوزەر گرت و هۆشداری دا لەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی یەکپارچەیی خاکی سووری بوونەتەوە.
وەرچەرخانێکی گرنگ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە بەیاننامەیەکدا ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدی بە وەرچەرخان و هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد لەپێناو بەدیهێنانی خواست و ئامانجەکانی گەلی سووریا، بەڵام ئاماژەی بەوە دا، ئەو ئامانجانە هێشتا بە تەواوی نەپێکاون.
بەپێی خوێندنەوەی ئەوان، حکوومەتی ئێستای ڕاگوزەری سووریا لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکدا سەرکەوتوو نەبووە و دۆخەکە بە ئاڕاستەیەکی مەترسیداردا دەڕوات.
مەترسیی دابەشبوون و وتاری ڕق
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا و ناوچە کەناراوییەکان.
ئەوان پێیان وایە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕووداوانە بووەتە هۆی دروستبوونی درز و دابەشبوون لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریدا و زەمینەی بۆ پەرەسەندنی وتاری ڕق و کینە لەنێوان هاووڵاتییاندا خۆش کردووە.
لامەرکەزی و دیالۆگی نیشتمانی
وەک چارەسەر بۆ قۆناغی داهاتوو، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەختی لەسەر پێویستیی کارکردنی جددی کردەوە بۆ بنیاتنانەوەی سووریایەکی دیموکرات کە پەیڕەوی لە سیستەمی لامەرکەزی بکات، بە جۆرێک مافی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان تێیدا پارێزراو بێت.
هەروەها داوای سازدانی دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتگیری کرد لەنێوان سەرجەم لایەنە سوورییەکاندا بۆ ئەوەی بتوانرێت وڵاتەکە لەم قەیرانە نوێیانە رزگار بکرێت.
