یوری ئوشاکۆڤ: چاوەڕوانی شتێکی باش لە پێشنیارەکانی ئەوروپا و ئۆکرانیا ناکەین

 یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند، پێشنیارەکانی ئەوروپا و ئۆکرانیا بەشدارییەکی بنیاتنەر لە پرۆسەی یەکلاکردنەوەی کێشەکاندا ناکەن، هۆشداریدا کە مۆسکۆ بە توندی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت ئەگەر ئەو پێشنیارانە لە پلانی ئاشتی ئەمەریکادا جێگیر بکرێن.

یەکشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، لە گفتوگۆیەکدا لە گەڵ رۆژنامەنووسان گوتی:"پێموایە بەشدارییەکانی ئۆکرانیا و ئەوروپا لە بەڵگەنامەکاندا بنیاتنەر نابێت"، "کێشە گەورەکە ئەوەیە تاوەکو ئێستا ئەوان پێشنازەکانیان هەر نەبینیوە".

ئوشاکۆڤ گوتویەتی:"مۆسکۆ بە توندی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت ئەگەر پێشنیارەکانی کیێڤ و برۆکسل بۆ یەکلاییکردنەوەی ئۆکرانیا بخرێتە ناو پلانی ئاشتییەوە، هاوکات ڕایگەیاندووە،"ئەگەر ئەو جۆرە هەموارکردنانە بکرێن، ئێمە ناڕەزایەتییەکی توندمان دەبێت، چونکە پێشتر ئێمە هەڵوێستی خۆمان زۆر ڕوون کردووەتەوە".

بە گوتەی ئوشاکۆڤ،"ڕەنگە ناڕەزایەتیی توند "لە سەر چەند خاڵێک" سەرهەڵبدات، دەشڵێت، لەوانەیە "هەندێک بڕگە هەبن کە بە تەواوی بۆ ئێمە قبوڵ کراو نەبن، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە پرسی خاکەوە هەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە:"بەگشتی پرسی خاک لێرە لە مۆسکۆ بە شێوەیەکی بەرفراوان باسکراوە، ئەمەریکییەکان نەک هەر هەڵوێستی ئێمە دەزانن، بەڵکو لێی تێدەگەن"، سەبارەت بەوەی کە دوای ئەو ڕاوێژانە لەسەر کاغەز چییان بۆ دێتە پێشەوە، ئوشاکۆڤ گوتی،"من نازانم، بەڵام پێناچێت هیچ شتێکی باش بەرهەم بهێنێت".

باسی لەوەشکردووە، ڕووسیا هەرگیز بەدوای یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئۆکرانیاوە نەبووە کە هاوشێوەی مۆدێلی یەکلاکردنەوەی کۆریا بێت.

جەختیشی لەوە کردوەتەوە، کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، لە وەرگرتنەوەی کریمیا و چوونە ناوەوەی ئۆکرانیا بۆ ناتۆ،"لەسەدا ملیۆن بە شێوەیەکی نەگبەتانە شکست دەهێنێت". 

سەرەتای ئەم هەفتەیە، میدیاکانی ئۆکرانیا لە زاری بەرپرسێکی ئۆکرانیا و نزیک لە دانوستانەکان بڵاویانکردەوە، تیمی دانوستانکاری ئۆکرانیا، هەمواری خۆیان لە خاڵەکانی پلانی ئەمەریکا بۆ رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا داوەتەوە بە لایەنی ئەمەریکی.

سەرچاوەکان  ئاماژەیان بەوە کردووە، ژمارەی خاڵەکان وەک خۆی ماوەتەوە کە 20 خاڵە، تەنیا هەندێکیان پێداچوونەوەیان بۆ کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە خاکییەکان و دۆخی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا.

قسەکانی یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، لە کاتێکدایە ڕۆژی شەممە 13ی کانوونی دووەمی 2025، حکوومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، بەرلین میوانداری گفتوگۆ و دیداری سەرکردەکان دەکات، لەنێویاندا سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ بەشداری گفتوگۆکان دەبن؛ ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە زێلێنسکی، دووشەممە 15ی ئەم مانگە لەگەڵ فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەشداری کۆڕبەندی بازرگانی ئەڵمانیا و ئۆکرانیا بکات.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە بارەی دیداری ویتکۆڤ و زێلێنسکی و سەرکردە ئەوروپییەکان نووسیویەتی: هەرچەندە بەرپرسانی ئۆکرانیا لەسەر بنەمای پێشنیازی پلانە دەستپێخەرییە 28 خاڵییەکەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، پلانێکی نوێکراوەیان ڕادەستی واشنتن کردووە، بەڵام ترەمپ فشارەکانی لەسەر بەرپرسانی ئۆکرانیا چڕتر کردووەتەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگ بێنن.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرای کردووە، بە گوێرەی ئەو پلانەی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا هەیەتی، ئۆکرانیا لە کانوونی دووەمی ساڵی 2027 دەبێتە بەشێک لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەمەش ئەو نیگەرانییەی ڕووسیا بوو، کە لە شوباتی 2022 هێرشی سەربازی کردە سەر ئۆکرانیا.

لەمبارەوە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، ئەوروپی و ئۆکرانییەکان داوای گەرەنتی ئەمنی لە ئەمەریکا دەکەن، بەر لەوەی ئۆکرانیا دەست بە دانوستان و بەخشینی هیچ هەرێمێکی وڵاتەکەی بکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل