زێلێنسکی بۆ ئەوروپا: پێش کۆتایی ئەمساڵ بڕیارێک لە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ڕووسیا بدەن

سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت: بۆ بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بلۆککراوای ڕووسیا، وڵاتەکەی پێویستی بە بڕیاری یەکێتیی ئەوروپا هەیە، ئەگەر بڕیار نەدەن، ئۆکرانیا تووشی قەیرانێکی گەورە دەبێتەوە.

پێنجشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، گوتی: هاوبەشەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە پێوسیتە لە بارەی بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ڕووسیا، بڕیارێکی بە پەلە بدەن، ئەگەر ئەو کارە نەکەن بێگومان ساڵی داهاتوو ئۆکرانیا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی نەختیینەیی دەبێتەوە.

ئاماژەی بەشکرووە، "پێویستە ڕووسیا لەوە تێبگات کە ئۆکرانیا لە پێگەیەکی بەهێزدایە، گەیشتن بەو بڕیارە مانای ئەوەیە، ئۆکرانیا بودجەی بۆ ساڵەکانی 2026-2027، لەبەردەست دەبێت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئۆکرانیا لەبەر کەمی بودجە ناڕوخێت، چ بۆ کڕینی چەک بێت یان دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکەکەی". 

قسەکانی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کاتێکدایە بە هۆی شەڕی نێوانیان لەگەڵ ڕووسیا قەرزە کەڵەکە بووەکانی سەر ئەو وڵاتە تادێت ڕوو لە زیادبوون دەکات، لە لایەکی دیکەوە هەوڵەکانی ئەمەریکا بەردەوامە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرکردە و سەرۆکی حکوومەتی 27 وڵاتی ئەوروپا، لە بارە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ دابینکردنی دارایی ئۆکرانیا لە جەنگی دژی ڕووسیا، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوە.

یەکێتی ئەوروپا هەوڵدەدات ئەو سەروەت و سامانانەی ڕووسیا کە بەهۆی سزاکانی یەکێتی ئەوروپاوە لە بانکەکاندا بلۆککراون بۆ هاوکاری کیێڤ بە ناوی قەرزی قەرەبوکردەوە بەکاریبهێنێت، بەڵام بەلجیکا کە زۆرترین پشکی ئەو سەروەت و سامانانەی بە دەستەوەیە ترسی تۆڵەسەندنەوەی یاسایی و ئابووری هەیە لە لایەن ڕووسیاوە، بۆیە داوای کردووە کە هەموو وڵاتانی ئەندام لە پرۆسەی بلۆککردنی سەروەت و سامانی ڕووسیا هاوبەشی ئەو بەرپرسیاریەتییە بن، بۆ ئەوەی وەکو ئۆکرانیا تووشی زیانی ئابووری گەورە نەبێتەوە. 

ئەگەر 27 وڵاتەکە نەگەن بە ڕێککەوتن، ئۆکرانیا لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا تووشی قەیرانی گەورەی دارایی دەبێتەوە و ئەگەر هەیە بە تەواوی لە شەڕی دژی ڕووسیا شکست بهێنێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل