هەولێر؛ گۆشتفرۆشێک بەهۆی فرۆشتنی گۆشتی ڕێوی شوێنەکەی داخرا
لە هەولێر گۆشتفرۆشێک ئاژەڵی ڕێوی کێوی سەربڕیوە، بە هاووڵاتییانی فرۆشتووە، بەڵام لەلایەن لیژنەکانی قایمقامییەت شوێنەکەی داخرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، قایمقامییەتی ناوەندی هەولێر، بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی کارەکانی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت و هەڵمەتی بەردەوامی پشکنین و چاودێریکردنی بازاڕ، شوێنێک بە ناوی گۆشتفرۆشی ( باوکی حکمەت ) بە نهێنی و بەدەر لە یاسا ئاژەڵی ( ڕێوی کێوی ) سەربڕیوە و گۆشتەکەی بە هاووڵاتییان فرۆشتووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ڕێوی کێوی، موڵکی سروشتی کوردستانە سەربڕینی ئەو جۆرە ئاژەڵانە ڕێگەپێدراو نییە، بۆیە شوێنەکە داخراوە و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر خاوەنەکەی و ئەو کەسانەشی لەو شوێنە کاریان دەکرد گیرایەبەر.

