زێلێنسکی: بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە خۆمان

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەتوانن ڕووسیا ڕازی بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی لە ساڵی 2022 تاوەکو ئێستا بەردەوامە، دەبێت کیێڤ بەردەوام بێت لە بەرگریکردن لە خۆی.

یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، ئەگەر هەوڵەکانمان بە هاوکاری هاوبەشکانمان لە ئەمەریکا و ئەوروپا نەتوانن ڕووسیا لەو شەڕەی کە دەستی پێکردووە ڕابگرن، ئەوە کیێڤ ناچار دەبێت بەرگری لە خۆی بکات. 

لێدوانەکەی زێلێنسکی لە کاتێکدایە، لە هەمان ڕۆژدا کیێڤ میوانداری کۆبوونەوەیەکی نێوان بەرپرسانی ئۆکرانیا و ڕاوێژکارانی ئەمنی هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی دەکات، کە تایبەتە بە  تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا.

هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئۆکرانیا، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کیێڤ کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ڕەشنووسی کۆتایی پلانی کۆتاییهێنان بە ململانێکان، پێش کۆبوونەوەی لوتکەی هەفتەی داهاتوو لە فەرەنسا بۆ "هاوپەیمانی ئیرادە" بۆ پاڵپشتی ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت.

هاوکات ڕاوێژکارانی ئاسایشی 15 وڵاتی جیهان، لەوانە فەرەنسا، ئەڵمانیا و کەنەدا، لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ، لە پایتەختی ئۆکرانیا بەشداری کۆبونەوەکە دەکەن.

بەرپرسێکی ئۆکرانی بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" پشتڕاستی کردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە وردی چاودێری کۆبونەوەکە دەکات و ئاگاداری هەموو ئەو بابەتانەیە کە لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێن. 

لەمبارەیەوە ڕوستەم ئومارۆڤ، سەرۆکی دانوستانکاری ئۆکرانیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ڕایگەیاندووە، بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکە تیشک دەخرێتە سەر ئەو بەڵگەنامانەی کە تایبەتن بە لایەنی چوارچێوەیی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا، لەوانەش گەرەنتی ئەمنی و ڕێکارەکانی پەیوەست بە پلانی ئاشتی، هەروەها ڕێکخستنی هەنگاوە هاوبەشەکانی داهاتوو.

هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا لە مانگی تشرینی دووەمەوە چڕتر بووەتەوە، ئەمەش لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە پاڵپشتی کراوە، کە ئیدارەکەی بە جیا لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا دانوستانیان کردووە.

لە بارەی ڕێککەوتنی نێوانیان لەگەڵ ڕووسیا، سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی کردووەتەوە، کە ڕێککەوتنەکە 90% ی ئامادەیە، هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەو ڕێژەیەی ماوەتەوە چارەنووسی ئاشتی لە ناوچەکە دیاری دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ناکۆکی لەسەر داهاتووی ئەو خاکانەی ڕووسیا داگیری کردووە.

لێدوانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و هەوڵەکانی هاوبەشە ئەمەریکی و ئەوروپییەکانی ئۆکرانیا دوای ئەوە دێت، لە یەکەم ڕۆژەکانی ساڵی 2026دا،  هێرشەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا چڕتر بووەتەوە و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل