حکوومەتی هەرێم دەیان کۆچبەری لە لیبیاوە گەڕاندەوە کوردستان
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە دەرەوەی وڵات، ئەمڕۆ شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، کاروانێکی دیکەی کۆچبەرانی کورد لە وڵاتی لیبیاوە گەڕێندرانەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پرۆسەکە لەلایەن لیژنەیەکی باڵای هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئەنجام دراوە. لەم کاروانەدا کە کاروانی شەشەمە، 97 گەنج کە زۆرینەیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینن، بە سەلامەتی گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم گەنجانە پێشتر بە مەبەستی کۆچی نایاسایی ڕوویان لەو وڵاتە کردبوو، بەڵام دەستگیر کرابوون و هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکاندا مابوونەوە و ڕووبەڕووی مەترسیی مردن بووبوونەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، گەڕانەوەی ئەم کاروانە لە کاتێکدایە کە دوێنێ هەینی، 100 هاونیشتمانیی دیکە گەڕێندرانەوە و لە دەڤەری پشدەر ڕادەستی خانەوادەکانیان کرانەوە. بەمەش کۆی گشتیی ئەو کۆچبەرانەی تا ئێستا حکوومەتی هەرێم توانیویەتی لە لیبیاوە ڕزگاریان بکات، گەیشتە 299 کەس.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵەدا، جارێکی دیکە هۆشداری دەداتە گەنجان و خانەوادەکانیان کە خۆیان بەدوور بگرن لە ڕێگەی مەترسیداری کۆچی نایاسایی، چونکە جگە لە مەترسی لەسەر ژیانیان، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و زیندانی دەبنەوە لە وڵاتانی دیکە.
هەروەها تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەنێو خاکی لیبیان و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ڕزگارکردن و هێنانەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی دیکە کە هێشتا لەوێ ماونەتەوە.



