لاڤرۆڤ: ئامانجی ئەمریکا لە ئێران کۆنترۆڵکردنی نەوتی گەرووی هورمزە

سێرگی لافرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئامانجی راستەقینەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئێران، دەستبەسەرداگرتنی ئەو نەوتەیە کە بە نێو گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.

شەممە 18ـی نیسانی 2026، سێرگی لافرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە میانی بەشداریکردنی لە "کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا" ئاماژەی بەوە کرد: "پێم وانییە پلانێکی راستەقینە بۆ لەناوبردنی شارستانیەت هەبێت، ئەوە تەنیا دەربڕینێکی نائاساییە، بەڵکو پلانەکان بە ئاراستەی کۆنترۆڵکردنی ئەو نەوتەن کە لە کەنداوەوە بە نێو گەرووی هورمزدا دەگوازرێتەوە".

وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی کردەوە، نابێت لە کاتی لێکدانەوەی دۆخی گەرووی هورمز، کێشەی فەڵەستین فەرامۆش بکرێت، هەروەها گوتی: "لە سووریاش ئۆپەراسیۆنی زۆر ئاڵۆز لە ئارادایە،" لاڤرۆڤ ئاماژەی بە لێدوانێکی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد کە گوتبوی "ئێمە شایەدی لەدایکبوونی دەوڵەتێکی نوێی ئیسرائیلین"، کە بە گوتەی لاڤرۆڤ ئەمە ئاماژەیە بۆ گرتنی رووبەرێکی فراوان لە خاکی وڵاتانی دراوسێ.

لاڤرۆڤ رەخنەی لەو سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکارانە گرت کە تەنیا تیشک دەخەنە سەر ئەو بابەتانەی دەبنە مانشێتی سەرەکی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گوتی: "نابێت تەنیا لەبەر ئەوەی کەسێک دەیەوێت بابەتێک ببێتە تەوەری سەرەکی، راستییەکان و رەهەندەکانی دیکەی رووداوەکان پشتگوێ بخرێن".

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دۆخی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کردووە، هەروەها هەردوو وڵات دووپاتیان کردووەتەوە، پابەندن بە بەردەوامبوون لەسەر هەماهەنگی بونیادنەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەر بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە.