ترەمپ: رێککەوتنی ئیسلام ئاباد بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت

سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی وڵاتەکەی لە جەنگی ئێستا ئەوەیە "بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

دوای ئەوەی ئێران رایگەیاند، پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتننامە ئەمنییەکان راگرتووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (NewsNation) گوتی: "ئەوە بە هیچ شێوەیەک بۆ من گرنگ نییە."

ترەمپ لەبارەی کوژرانی دوو سەربازیی ئەمریکی لە ئوردن بە رووداوێکی زۆر دڵتەزێنی ناوبرد و گوتی: سەربازەکان لە خزمەت وڵاتەکەماندا گیانیان لەدەستداوە؛ هاوکات جەختیکردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەم جەنگە ئەوە "هەرگیز رێگە بە ئێران نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

رۆژی شەممە، 17ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران لە خاکی ئوردن، دوو سەربازی وڵاتەکەیان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا کوژراون، سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردبوو سەربازێکی دیکەیان بێسەروشوێن بووە و چوار سەربازیش بریندار بوون.

دوێنێ کازیم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی "سەرجەم بەڵێنەکانی ناو تێگەیشتنامەی ئیسلام ئابادی پێشێل کردووە." ئابادی گوتیشی: "ئێمەش هەموو پابەندییەکانی خۆمان راگرتووە و ئێستا تەنیا خەریکی بەرگریکردنین لە خاکەکەمان."

لە 17ـی حوزەیرانی رابردوو، ترەمپ و مەسعود پزیشکیانی سەرۆکی ئێران، رێککەوتنێکی کاتییان بۆ راگرتنی جەنگ واژۆ کرد، جەنگەکە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردبوو و لە 7ـی تەممووزدا، کاتێک ئێران هێرشی کردە سەر چەند کەشتییەک لە گەرووی هورمز و ئەمریکاش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە، رێککەوتنەکە بە کرداری کۆتایی هات.