سەعدی پیرە: وابڕیارە پارتی و یەکێتی لەسەر خشتەیەکی هاوبەش رێکبکەون

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان یەکنەگرن، بوونیان نامێنێت و، وەکو خۆی دەڵێت، هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی "وەکو ئەوەی بەرنامەی بۆ داندراوە" دادەنیشن و "لەسەر خشتەیەک رێکدەکەون".

رۆژی هەینی 12ـی ئایاری 2023، سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەکو ئەوەی بەرنامەی بۆ داندراوە، هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی دادەنیشن، لەسەر خشتەیەک رێکدەکەون و کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەن، "بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی کە هەیە هەرچی زووە چارەسەر بکرێن".

بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوە نیشانداوە و "دەبێت ئێمە ئەوە بزانین هاووڵاتییانی خۆمان پەرۆشن {بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشە سیاسییەکان بهێندرێت}."

سەعدی پیرە پێیوایە "یەک ئیدارەیی، واتا سفر ئیدارەیی و ناتەبایی، واتا نەگبەتی"، دەشڵێت: بەبێ یەکگرتن، بوونمان نامێنێت، بەڵام یەکڕیزی واتا گەیشتن بە "هەموو ئامانجەکانمان و ئاواتەکانمان بە سەربەخۆییشەوە".

بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکان

رۆژی پێنجشەممە 11ـی ئایاری 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لەمیانی گوتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان، داوای لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە، پێش 18ـی ئەم مانگە، کۆبووەوەیەکی گەورە ساز بکەن.

سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتی: بانگەوزاێك بۆ هەموو لایەن سیاسیەکانی کوردی دەکەم، تا لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە و پێش 18ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی فراوان بکەن و تێیدا هەموو کێشەکان باس بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

سەبارەت بە بانگەوازەکەی، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: پێش ئەم کۆبوونەوەیە داوا لە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکەم، کۆبوونەوەیەک بکەن، تا ئەم تەمومژیە نەمێنێت و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە گەورەکە بکەن.

مەکتەبی سیاسی پارتی: پشتگیری له‌ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 12ـی ئایاری 2023، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: بە ناوی لایەنگر و ئەندامان و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پشتگریی تەواوی خۆمان بو پەیامی سەرۆک بارزانی دەردەبڕین، کە دوێنێ لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتیمانی بارزانی لە بارزان ئاراستەی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کرد.

هه‌روه‌ها له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیدا هاتووه‌: ئەم پەیام و دەستپێشخەرییەی جەنابی سەرۆک بارزانی، وەک درێژەپێدەری پەیامی ئاشتیخوازانەی بارزانی نەمر بەرزدەنرخێنین و، هەموو ئامادەیی خۆشمان بو جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆک رادەگەینین.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش دراوە، لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناوچەکە و هەرێم، هەنگاوی کردەیی بۆ بە جێگەیاندنی فەرمانی جەنابیان بە راست و گرنگ دەزانین و ئامادەیی تەواوی خومان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی دەردەبرین.

نێچیرڤان بارزانی: پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی پەیامێکی دڵسۆزانە بوو بۆ برایەتی و پێکەوەبوون

رۆژی پێنجشەممە 11ـی ئایاری 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی گوتی: "پەیامی سەرۆک بارزانی پەیامێکی هەتا بڵێی دڵسۆزانە بوو، پەیامەکەی روون بوو، بۆ برایەتی و پێکەوەبوون، داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کرد پێکەوە دابنیشن، هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکان بە پیر ئەو پەیامە دڵسۆزانەی سەرۆک بارزانییەوە بێن و هەموومان ئەوەی پێمان دەکرێت بۆ ئاشتی و تەبایی پێکەوە بیکەین".

دەرباز کۆسرەت رەسوول: گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە

هاوکات هەر ئەمڕۆ هەینی؛ دەرباز کۆسرەت رەسوول، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە، بەڵام تائێستا بڕیار لە دانیشتنی فەرمی نەدراوە".

گوتیشی: "کۆمەڵێک پرس هەن کە پێشتر گرفتمان لەسەریان هەبووە دەبێ چارەسەر بکرێن، لەسەر پرسە سیاسیی و داراییەکان گرفتمان هەبووە".

سەبارەت بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، دەرباز کۆسرەت، گوتی: "هەرکاتێک داواکارییەکان چارەسەریان بۆ دۆزرایەوە، تیمی یەکێتی دەگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران".

فازڵ میرانی: په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی به‌رپرسیاریه‌تی پارتی زیاتر ده‌كات

فازڵ میرانی، به‌رپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، وه‌كو پارتی په‌یڕه‌وی له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان، گوتیشی، هه‌ر كات سه‌رۆك بارزانی په‌یام بدات، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك هه‌نگاوێك بچێته‌ پێش، ئه‌وان دوو هه‌نگاو ده‌چنه‌ پێش.

به‌رپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی  ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌رپرسیاریه‌تی پارتی به‌رامبه‌ر به‌ په‌یامی سه‌رۆك بارزانی و تایبه‌ت به‌ پرسی كورد، ناشێ وه‌كو به‌رپرسیاریه‌تی خه‌ڵكی دیكه‌ بێت.

میرانی هه‌روه‌ها سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه پارتی‌ له‌ مافدا وه‌ك ئه‌وانی دیكه‌یه‌، به‌ڵام له‌ به‌رپرسیاریه‌تیدا پشت به‌ مێژوو و جوگرافیای خۆی ده‌به‌ستێت.

فەرەیدوون عەبدولقادر: پەیامی سەرۆک بارزانی لە ئاستی گەورەیی خۆیدا بوو

رۆژی پێنجشەممە 11ــی ئایاری 2023 فەرەیدوون عەبدولقادر، لەمیانەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان، بە کوردستان24ــی رایگەیاند، ئەم رێوڕەسمەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی کە پێی هەڵسابوو، کارێکی گرنگ و جێی بایەخ بوو بۆ میللـەتی کورد.

هەروەها راشیگەیاند، پێویستە هەموو لایەک بە گیانی بەرپرسیاریەتییەوە دەستبخەنە ناو دەستی یەکتر و ببینە پارێزەری گەلەکەمان و پێشخستنی هەرێمەکەمان.

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەمووان  پێکەوە کۆببینەوە رێز لەو پەیامەی سەرۆک مەسعود بارزانی بگرین.

فەرەیدوون عەبدولقادر گوتیشی، ئێمەش لای خۆمانەوە هەوڵدەدەین ئەو ئاشتەوایی و برایەتییەی نێوانمان پتەوتر بکەین.

عەلی حوسێن: پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یەكڕیزی و تەبایی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق بوو

ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ــی ئایاری 2023) عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین، لەمیانەی بەشداریکردنی لە رێورەسمی کردنەوەی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، پەیامی سەرۆک بارزانی پەیامێکی روون بوو لەسەر ئاستی عێراق، بۆ یەکڕیزی و تێگەیشتن و هەماهەنگی،  لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نێوانییان.

هەروەها راشیگەیاند، سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش کرد، کە بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەتواندرێت هەنگاوی گەورە بهاوێژرێت و دەستکەوتی گەورەش بەدەستبهێندرێت.

سەبارەت بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عەلی حوسێن گوتی، سەرۆک مەسعود بارزانی، داوای کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کۆبوونەوەکی گەورە سازبکەین و ئەو هەلومەرجە سیاسییەی ئێستای هەرێمی کوردستانیش وادەکات، هەموو لایەک پێکەوە کۆببنەوە و گرفتەکان چارەسەربکەن.

ئەرسەلان بایز: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگ و مێژوویی بوو

رۆژی پێنجشەممە 11ـی ئایاری 2023، ئەرسەلان بایز، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی، رایگەیاند، کردنەوەی ئەم یادگەیە زۆر هەنگاوێکی گرنگە کە بەشێکە لە خەباتی میللـەتی کورد و سەرکردەکانی.

ئەرسەلان بایز، ستایشی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی لە رێورەسمەکە کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، زۆر گرنگ و مێژوویی بوو، داواشی لە پارتی و یەکێتی و هەموو لایەنەکان کرد کار بۆ جێبەجێکردنی بدەن و روونیکردنەوە، کە ماڵی کورد پێویستی بە ئارامییە.

نەوزاد هادی: دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی مژدە بەخش و دڵخۆشکەربوو بۆ هەموو خەڵکی کوردستان

رۆژی پێنجشەممە 11ــی ئایاری 2023، نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانی رایگەیاند، یادگەی نیشتیمانی بارزان دەستکەوتێکی گەورەیە بۆخۆمان و بۆ نەوەی داهاتوومان و بۆ ئاگەداربوون لە مێژووی پڕ سەروەری کورد.

نەوزاد هادی، باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی  سەرۆک بارزانی، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان جەخت لەسەر تەبایی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرایەوە.

هەروەها راشیگەیاند، دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی بۆ لایەنە کوردییەکانیش، مژدە بەخش و دڵخۆشکەربوو بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، کە پرسەکان لەناو کوردستان بە تەبایی لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ چارەسەربکرێت.