دیدارەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، سەرپەرشتیی ئیمزاکردنی دوو گرێبەستی گرانبەهای کردووە و لەگەڵ وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک کۆنگرێسمان، سێناتۆر و بەرپرسی باڵای ئەمەریکا کۆ بووەتەوە.
گەیشتنی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن
شەممە 17ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی و هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیە.
ئەندامانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن:
1. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
2. کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت).
3. شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە.
4. سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
5. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
6. بەیان سامی عەبدولرەحمان، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
7. نوورەددین وەیسی، بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئیمزاکردنی دوو گرێبەستی گرانبەها لە واشنتن
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 19-05-2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا، دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) لە واشنتن ئیمزا کران.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئیمزاکردنی ئەو دوو ڕێککەوتنە ڕایگەیاند "قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەست پێ دەکات بە ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لەگەڵ (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس)."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، بەهای ئەو دوو ڕێککەوتنامەیە "دەیان ملیار دۆلارە، کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابین دەکات و هەلی کار دەڕەخسێنێت و ئابووریی کوردستان بەهێزتر دەکات."
کۆبوونەوە لەگەڵ کۆنگرێسمان و سیناتۆرەکان
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری لە کۆنگرێسمان و سێناتۆری ئەمەریکایی کۆ بووەتەوە. لەو کۆبوونەوانەدا، جەخت لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کرایەوە. هاوکات سەرۆک وزیران مەسرور بارزانی سوپاسیانی کردن بۆ بەردەوامیی پشتیوانییان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە.
ئەو کۆنگرێسمان و سێناتۆرانەی سەرۆک وەزیران لەگەڵیان کۆ بووەتەوە:
1. کۆنگرێسمان جۆو ویڵسن (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
2. کۆنگرێسمان ئەبراهام (ئەیب) حەمادە (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
3. کۆنگرێسمان ماریۆ دیاز (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
4. سێناتۆر ئەنگس کینگ (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
5. سێناتۆر جەیمس لانکفۆرد (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
6. کۆنگرێسمان ئادەم سمیس (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
7. کۆنگرێسمان برایان ماست، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
8. سێناتۆر بیل هاگەرتی (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
9. سێناتۆر تێد بەد (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
10. سێناتۆر ئەلیسا سلۆتکین (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
11. کۆنگرێسمان دارێل ئیسا (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
12. کۆنگرێسمان مایک ڕۆجەرز، سەرۆکی لێژنەی خزمەتگوزاریی سەربازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
13. کۆنگرێسمان سێس مۆڵتن (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
14. کۆنگرێسمان براد شێرمان (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
15. سێناتۆر تۆم كەتن (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
16. سێناتۆر ڕۆجەر ویکەر (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
17. سێناتۆر جاک ڕید (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بخوێنەوە)
بەشداریکردن لە کۆنفرانسی وزە لە واشنتن
ڕۆژی پێنجشەممە، 22-05-2025، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کریستۆفەر ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا، کۆنفرانسی وزە لە واشنتن بەڕێوە چوو.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو کۆنفرانسەدا بەشداریی لە پانێلێکی تایبەتدا کرد. تێیدا باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر – واشنتن، داهاتووی وزە لە کوردستان، پڕۆژەی ڕووکانی، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی کرد
(خوێنەری قسەکانی سەرۆک وەزیران بە)
کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسانی ئەمەریکا
1. وەزیری وزەی ئەمەریکا
پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا کۆبووەوە.
وەزیری وزەی ئەمەریکا، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەمەریکا نیشان دا و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەردوو ڕێککەوتننامەکە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە بواری وزە و پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە کوردستان دەربڕی.
لای خۆیەوە مەسرور بارزانی سوپاسی پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی وزە، پڕۆژەی ڕووناکی، هەژماری من و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری خستەڕوو.
2. وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا
پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ ئەمەریکا لە واشنتن، لەگەڵ دەگ برگەم، وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا.
وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی بەنرخی ئەمەریکایە و خۆشحاڵین بە بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، کە ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی حکومەتی ئەمەریکا کە وزە لەپێناو ئاشتی و خۆشگوزەرانيی خەڵک بەکاربهێنرێت.
3. وەزیری ئاسایشی ناوخۆى ئەمەریکا
هەینی، 23-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ کریستی نۆوم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاریی و هەماهەنگیی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا کرایەوە، بە تایبەتی لە بواری ئەمنی و ڕاهێنان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو.
4. بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا
پێنجشەممە، 23ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ برادلی سمیس، بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دارایی و سیستەمی بانکی کرا. هاوکات بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سەرسامی خۆی بە پێشکەوتنەکانی پرۆژەی 'هەژماری من' نیشاندا و هەموو پشتیوانییەکی وەزارەتەکەی بۆ پڕۆژەکە و چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و گوتی: پێزانینێکی زۆرمان بۆ هەوڵ و چاکسازییەکانی سەرۆکی حکوومەت لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی لە بواری داراییدا هەیە و ئەو چاکسازییانە دەکرێ ببنە نموونە بۆ وڵاتانی تریش.
لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکای کرد، لە چاکسازییەکان و پابەندبوونی حکوومەتی هەرێم بە چاکسازییە داراییەکان و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپات کردەوە.
5. ڕاوێژکاری باڵای ترەمپ
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025 لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسعەد بوڵس، ڕاوێژکاری باڵای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئێوارە خوانێک بۆ بەخێرهێنانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن ڕێکخرا.
لە ئێوارەخوانەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتیی ناسراوی ئەمەریکا ئامادەی بوون، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک ترەمپ، لە گوتەیەکدا، بەخێرهاتنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و سەردانەکەی بۆ ئەمەریکای بە سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو ناوبرد. جەختیشی لە بەهێزترکردنی پەیوەندیی ستراتیژی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە.
6. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
هەینی 23ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆ بووەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕوبیۆ، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و بەسوودم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەبوو. تێیدا بۆچوون، تێگەیشتن و تێڕوانینی خۆمان لەسەر کۆی پێشهاتەکانی ناوچەکە خستەڕوو.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکام کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، مەسرور بارزانی و مارکۆ ڕوبیۆ، لە دەرفەتەکانی زیادکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرد.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: مارکۆ ڕوبیۆ، بەهۆی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بۆ زیادکردنی وەبەرهێنانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان، ستایشی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و بە هەنگاویکی گرنگی بۆ سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزەدا لە قەڵەم دا.