کریستاڵینا جۆرجیێڤا، بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران شۆکێکی گەورەی لە کەرتی ئابووریی جیهاندا دروست کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران دەستی بۆ داخستنی گەرووی هورمز برد وەکوو کارتێکی ئابووری.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی روونیشی کردەوە، داخستنی گەرووی هورمز گەورەترین ناسەقامگیریی لە بازاڕی نەوتدا دروست کردووە و وای کرد نرخی یەک بەرمیل نەوت بچێتە 120 دۆلار.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، جەنگی ئێران وای کردووە کەشتییەکان رێڕەوی خۆیان بگۆڕن و بەوەش نرخی خۆراک لە جیهاندا بەرز ببێتەوە. هاوکات نرخی پەینی کیمیایی چەند هێندە بەرز بووەتەوە، چونکە یەک لەسەر سێی پەینی کیمیایی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت لەم کاتەدا وەرزی چاندن دەستی پێکردووە.