گەڕاوی خورماڵ دەبێتە نۆڕینگەیەكی ھەرزان

بەشێك لە ھاووڵاتیان بۆ چارەسەر رووی تێدەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

گەڕاوی خورماڵ جێگایەکی گەشتیارییە و بەشێك لە ھاووڵاتیان بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی پێست رووی تێدەكەن، وەک خەڵكی ناوچەكە دەڵێن پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە و نەناسێنراوە، لەگەڵ ئەوەی ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو ھاووڵاتیان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی دەکەن.

خەولە داود، یەكێكە لەو ھاووڵاتیانەی بە ئومێدی چارەسەرکردن منداڵەکەیان لە کەلارەوە ھاتووەتە گەڕاوی خورماڵ، تاوەکو ئەو ھەستیاریەی پێست كە ماوەیەکی زۆرە بەدەستەیەوە دەناڵێنێ چارەسەربێت. ئەو دەڵێ: "لە خەڵك بیستومانە ئەو شوێنە بۆ چارەسەری پێست باشە"، جگە شۆردنی منداڵەکەیان ئاوەکەش لەگەڵ خۆیان دەکەنە دەبە و دەیبەنەوە.

ئاوی گەڕاوەکەی خورماڵ لەمێژە ھاووڵاتیان بۆ چارەسەری نەخۆشی ھەستیاری پێست بەکاری دەھێنن، سەرپەرشتیاری گەڕاوەکەش دەڵیت "وەک پێویست خزمەتی ئەم جێگەیە نەکراوە لەگەڵ ئەوەی ھاووڵاتیەکی زۆریش سەردانی دەکەن و سوودی لێوەر دەگرن".

وەك خەڵكی ناوچەكە باسی دەكەن پێشتر چوونە ژوورەوە گەڕاوی خورماڵ بێ بەرامبەر بووە، بەڵام ئێستا پارەیەكی كەم لە بەرامبەر چوونە ناو كانیاوەكە وەردەگیرێت، ھەندێك خەڵكیش بە دەبە لە خوارەوە بە خۆڕایی ئاوەكە پڕ دەكەن و دەیبەنەوە.

گەڕاوی خورماڵ جۆرێکی تایبەتی ئاوە کە لە پێکھاتەکەیدا بەڕێژەیەکی بەرچاو گۆگرد و کبریت ھەیە، ئەم گەڕاوە لە دووجۆر ئاو پێکھاتووە یەکێکیان گەرم و تاڵە و سوودی لێوەر دەگیرێت بۆ نەخۆشییەکانی پێست، ئەوی دیکەیان سارد و تاڵە کە ئەم جۆرەیان بەھۆی ساردی ئاوەکەوە سوودی لێوەر ناگیرێت، ھەروەھا ھیچ زیندەوەرێك لەنێو ئەم ئاوە ناتوانی بژیت، ئەو گەڕاوە ژووری تایبەتی بە پیاوان و ژنان بۆ دروست کراوە، گەڕاوی خورماڵ وەک ناوچەیەکی گەشتیاری چارەسەری تائێستا وەک پێویست سوودی لێ نەبینراوە و نەناسێنراوە.

ھ.م