چیرۆکی "کۆتاییهاتنی سەردەمی جووەکانی هەولێر" و عێراق

"لەو 40 خێزانە جووەی لە ناوچە کوردییەکان ماونەتەوە، هەندێکیان ئایینیان گۆڕیوە"

K24 - هەولێر

جووەکان رەگێکی قووڵیان لە سەرتاسەری عێراقدا هەیە و رۆژانێک 40٪ـی پێکهاتەی ئایینی بەغدا بوون، بەپێی سەرژمێرییەکی عوسمانییەکان. پیاوێکی تەمەن 82 ساڵ لە هەولێر هێشتا ئەو رۆژەی لەبیر ماوە کە بە دوایین رۆژی جووەکانی هەولێر لە قەڵەمی دەدات.

دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 و هەڵمەتەکانی دژەسامییەکان، ژمارەی جووەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بێشومار دابەزی و زۆربەی هەرە زۆری جووەکان بەرەو ئیسرایل کۆچیان کرد.

ئێستا ژمارەیەک لە عێراقییە بەتەمەنەکان بیرەوەریی ئەو هاوڕێ و ناسیاوە جووانەیان لە خەیاڵدا ماوە، کە رۆژانێک بەیەکەوە لە هەمان گەڕەک نیشتەجێبوون. عومەر فەرهادی تەمەن 82 ساڵ رۆژنامەنووسی دیاری هەولێر، یەکێکە لەوان و باوکی لەو بەشەی هەولێر دووکانێکی هەبوو، کە زۆربەی دووکاندارەکانی جوو بوون.

فەرهادی، قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، باسی لەوە کردووە لە قوتابخانەکەی چەند هاوڕێیەکی جووی هەبووە، هەروەها مامۆستای ئینگلیزییان ناوی بەهناز ئیسرا سالم بووە و ئەویش جوو بووە.

فەرهادی بەمشێوەیە "کۆتایی جووەکان لە هەولێر" دەگێڕێتەوە: "رۆژێکی سەرەتای ساڵی 1950، مامۆستا بەهناز هات و ماڵئاوایی لە مامۆستای عەرەبی کرد، یەکتریان لە ئامێز گرت و دەستیان بەگریان کرد، ئێمەش هەموومان گریاین، چونکە مامۆستا بەهناز بۆ ئیسرائیل کۆچی دەکرد. ئەمە کۆتایی جووەکان بوو لە هەولێر".

تاوەکو ساڵی 1948 نزیکەی 150 هەزار جوو لە عێراق مابوون، بەڵام بەخێرایی کۆچیان کرد، بەجۆرێک تاوەکو ساڵی 1951، 96٪ـی جووەکانی عێراق بەهۆی جیاکاری و لەترسی دەستبەسەرداگرتنی موڵکوماڵیان، عێراقیان جێهێشت.

بەپێی سەرچاوەکانی ویکیلیکس، لە ساڵی 2009 تەنیا هەشت جوو لە بەغدا مابوون.

بەڵام ئەو تووندوتیژییانەی دژی جووەکان، هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە. لە ساڵی 2015 جودایزم (یەهوودی) وەکو ئایینێکی پارێزراو تۆمارکرا، تەنانەت نوێنەرایەتییەکی فەرمیشی هەیە، کە ئێستا شێرکۆ عەبدوڵڵا نوێنەریانە.

ئەو یاسایە و نەبوونی جیاکاری لە هەرێمی کوردستان، "پێکەوەژیانیان" لە ناوچەکە دروستکرد، کە لە ناوچەکانی دیکەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق نموونەی نییە.

لەو 40 خێزانە جووەی لە ناوچە کوردییەکان ماونەتەوە، هەندێکیان ئایینیان گۆڕیوە و بوونەتە موسڵمان، بەڵام بە گوتەی  شێرکۆ عەبدوڵڵا "زۆربەیان بە نهێنی پەیڕەوی ئایینەکەی خۆیان دەکەن، چونکە دانی پێدابنێی تۆ جووی، ئەوا هێشتا بابەتێکی هەستیارە".

لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوە کراوە: عەبدوڵڵا داوای پێشکەش کردووە بۆ بنیادنانی سەنتەرێکی تایبەت بە جووەکان، بەڵام رەزامەندیی فەرمیی وەرنەگرتووە.

 پەیوەندییەکانی نێوان ئەوەندە خێزانە کەمەی ماونەتەوە، لەگەڵ نزیکەی 219 هەزار جووی عێراق لە ئیسرائیل خەریکە بەتەواوی نامێنێت، شێرکۆ عەبدوڵڵا دەڵێ "ئەو جووە عێراقییانەی لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو عێراقیان جێهێشتووە، هێشتا بە ناسنامەکانیان دەتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ماوەی پێنج ساڵێکی دیکە، رەنگە کۆچی دوایی بکەن و ئیدی هەموو پەیوەندییەکە لەنێودەچێت".

هـ.ر.