ئەمڕۆ تەرمی فرسەت سۆفی دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان

دوای 30 رۆژ تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پێنج شەممە 19/11/2020 تەرمی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان و لە رێوڕسمێکدا بە خاکدەسپێردرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیر و پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکان، مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی فرسەت سۆفی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت و لە شاری هەولێر بە خاک دەسپێردرێت.

فرسەت سۆفی، 41ـەمین پارێزگاری هەولێر بوو، دوای 30 رۆژ لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوێنێ 18/11/2020 لە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە گیانی لەدەستدا.

پرۆفایلی فرسەت سۆفی:

- لە 21-5-1978 لە گوندی گەزنەی سنووری قەزای چۆمان لەدایکبووە.

- دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی هەبوو.

- مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بووە.

- ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بووە.

- ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بووە.

- ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بووە.

- ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بووە.

- سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بووە.

- 41ـەمین پارێزگاری هەولێر بوو.