ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ريفراندۆم: به‌غدا ده‌ستپێشخه‌رييه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمار و هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا بڕيار و ورده‌كارييه‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ريفراندۆمى خسته‌ڕوو

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ريفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا بڕيار و ورده‌كارييه‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ريفراندۆمى خسته‌ڕوو.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان 24 نێردراوه‌ سبه‌ى پرۆسه‌ى ريفراندۆم له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دواى ريفراندۆميش كورد ئاماده‌يه‌ بۆ دانووستان.

ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌

ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

رۆژی یەکشەممە 24ـی9ـی2017 لە سەلاحەدین ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی کۆبوه‌وە. لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا باسی دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرا و بەڕێز مەسعود بارزانی باسی ئەو کۆبوونەوە و پەیوەندییانەی کرد کە لەچەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەبووە.

دواتر شاندی کوردستان کە رۆژی 23ـی9ـی2017 سەردانی بەغدایان کردبوو، ئەنجامی سەردانەکە و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان خستەڕوو و روونیان کردەوە کە بەغدا بەهیچ شێوەیەک، ئێستا و لە داهاتووشدا، ریفراندۆم قبوڵ ناکات و بە تەواوی دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوون و دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق و هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیشیان رەتکردووه‌تەوە و ئامادە نەبوون لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان هیچ گفتوگۆیەک بکەن.

شاندەکە ئەوەشی خستەڕوو کە بە لایەنە سیاسییەکانی عێراقیان راگەیاندووە کە ئەوە بڕیاری گەلی کوردستانە و ریفراندۆم لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڕێوەدەچێت.

دواتر لیژنەی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، بەڵگەنامەکەی خستەڕوو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تەئکید کرایەوە کە کوردستان رۆڵی کاریگەری خۆی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوام دەبێت و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی تیرۆر درێژەی دەبێت.

دوای شیکردنەوەی سەرجەم پێشهات و هەڵوێستەکان، کۆبوونەوەکە ئەم بڕیارانەی دا:

یەکەم: رۆژی دووشەممە 25ـی9ـی2017، ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە دەچێت.

دووەم: کۆبوونەوەکە، بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی پەسند کرد و دەستخۆشیی لە لیژنەی ئامادەکاری بەڵگەنامەکە کرد.

سێیەم: دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق کراوە دەبێت. بە ئەجێندایەکی کراوەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرجەم بابەتەکان بۆ بوون بە دوو دراوسێی باش.

چوارەم: ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم دەستخۆشیی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم و سووربوونیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستییان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و جەختیش کرایەوە کە بە یەکڕیزی بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین.

ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم

24ـی9ـی2017