کوردستان24 راپۆرتی لیژنەیی دارایی پەرلەمان لەبارەی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە

K24 - هەولێر

پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان، لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووریش راپۆرتی خۆی سەبارەت بە دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەخوێنێتەوە.

کوردستان24 ئەو راپۆرتەی دەستکەوتووە کە لیژنەی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئامادەی کردووە و ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا دەیخوێنێتەوە.

لە راپۆرتەکەدا بەوردی باسی دۆخی ئابووری و کێشەی ئابووری و هۆکارەکانی ئەو کێشانە دەکات، کە لەبەردەم پێشڤەبردنی دۆخی ئابووریدان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها پێشنیار و چارەسەری بەشێکی ئەو کێشانە دەخاتەڕوو.

 

دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان

لیژنەی دارایی و کارۆباری ئابووری - پەرلەمانی کوردستان

مێژووی ئامادەکردنی راپۆرت

تەممووزی 2020

  

پێشەکی 

 

لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ژمارە (5)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەم راپۆرتەی ئامادەکردووە.

 

لیژنەی دارایی ماوەی 10 کاتژمێر کاریکردووە لەسەر ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، کە لەڕێگەی چەند سەردانێکی مەیدانی و راوێژکردن لەگەڵ کەسانی شارەزا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی راوێژکارەکانی لیژنە، ئامادەیکردووە.

 

هەرێمی کوردستان لە رووی دارایی و ئابوورییەوە بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێ بەشێوەیەک، تەنانەت پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناسەقامگیری تێکەوتووە. دروستبوونی ئەم دۆخە نالەبارە لە کەرتی دارای و ئابووری هەرێمی کوردستان بو سێ فاکتەر دەگەڕێتەوە:

یەکەم: جیهانییە و بەدەرە لە توانای دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. وەک (هاتنی پەتای کۆرۆنا- دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان).

دووەم: پەیوەندی بە دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقە.

 

سێیەم: پەیوەندی بە رێکنەخستن و هەبوونی گەندەڵی و ناشەفافییەت لە هەندێ لە سێکتەرەکانی خەرجی و داهاتە لە هەرێمی کوردستان.

 

ئەم راپۆرتە باسی دۆخی ئابووری و کێشەی ئابووری و هۆکارەکانی ئەو کێشانە دەکات، کە لەبەردەم پێشڤەبردنی دۆخی ئابوورین لە هەرێمی کوردستان. هەروەها پێشنیار و چارەسەری بەشێکی ئەو کێشانە لەم راپۆرتەدا دەخەینەڕوو.

 

ئابووریی هەرێمی کوردستان

  

هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری، یاسایی و سیاسییە لە دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ. پرسیار ئەوەیە لە رووی داراییەوە لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا سەربەخۆی دارایی هەرێمەکان لە کوێی یاسا و زیهنی ئابووری و دارایی عێراقدایە؟

بۆچی کێشە لەگەڵ سەربەخۆیی دارایی هەرێم وەک بە شێک لە سەربەخۆی زاتیی هەرێمی کوردستان هەیە؟ بەچ میکانزمێک پارەی یەدەگی عێراق، هەرێمی کوردستانی لێ بێبەشکراوە؟ ئەی قەرزەکان کە عێراق وەریاندەگرێ و هەرێم پشکی نییە و لە دانەوەی قەرزیش لەسەر هەرێمی کوردستان هەژماردەکرێ؟

 

کاتێ هاوسەنگی دارایی تێکدەچێت، لە رووی ئاسۆییەوە داهاتی حکومەتی فیدراڵ زیاد دەبێ، بەڵام داهاتی هەرێمی کوردستان بەشی پێداویستییەکان ناکات، ئەوکاتە ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئەم هاوسەنگییە راست بکاتەوە. بەتایبەت نەبوونی (مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە عێراق ئەم مووچەخۆرانە وەک بەشێک لە مووچەخۆرانی دەوڵەتی فیدراڵ سەیرناکات).

 هەرێمی کوردستان لە رووی دەستوورییەوە

 

بەگوێرەی ماددەی یەکی دەستووری عێراق، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی سەربەخۆی زاتییە، لە هەموو روویەکەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت، حکومەتی ئیتیحادی بەو شێوەیە مامەڵە ناکات کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکە لە ناو چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی، بەڵکو وەکو دەوڵەتێکی سیستەمی مەرکەزی مامەڵە دەکات.

 

پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی سیادی بەتایبەت بو هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان وەک هێزێکی نیشتیمانی کە خراوەتەوە نێو دەستووری عێراق، وەک لە بڕگەی چوار لە ماددەی (121) رێگە بە هەرێمەکان دراوە هێزی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم رێکبخەن، وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم، بەڵام لەوەتەی عێراقی نوێ دروست بووە، هیچ بودجەیەک بو هێزی پێشمەرگەی کوردستان خەرجنەکراوە.

 

لە ساڵی 2014ـەوە حکومەتی ئیتیحادی پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی گشتی بڕیوە، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقی دەستوورە و کاریگەرییەکی نەرێنی بەهێزی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان جێهێشتووە.

 

هۆکارەکانی خراپبوونی دۆخی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان

 

دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناسەقامگیر و دژواردا تێدەپەڕێت کە هۆکارەکانی بریتییە لە:

یەکەم: لە رووی ئابووییەوە بەشێکین لە دەوڵەتی عێراق، عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 85% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری راستەوخۆ و بەپەلە دەکاتە سەر جومگەکانی دیکەی ئابووری و دارایی وڵات.

دووەم: سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، کاریگەری لە سەر زۆربەی جوڵەکانی ئابووری و دارایی دروست کردووە، بەشێوەیەک زۆربەی سەرچاوەکانی داهاتی کەمیانکردووە.

سێیەم: پێناسەیەکی دیاریکراو نییە بو سیستەمی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.

چوارەم: تەداخولەکانی حکومەتی فیدراڵ لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی بە هۆکارە سیاسییەکان و بڕین وناجێگیریی لە پێدانی بەشێکی بودجە، بەتایبەت لە 2014 تاوەکو ئێستا لە 2020 وایکردووە پێدانی مووچە و دۆخی ئابووری ناسەقامگیر بێت.

پێنجەم: بەهەدەردان، گەندەڵی خراپ ئیدارەدانی سەرچاوەکانی داهات لە هەندێ لە سێکتەرەکانی وەک (نەوت و داهاتی ناوخۆ وەک خاڵە سنوورییەکان، گومرک، باج ...هتد).

 

سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان:

یەکەم:

داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان، باج، رسوومات:

لە 1/1/2020 تاوەکو 30/6/2020 وەک ئەوەی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەرگیراوە، کە لە خشتەکەدا روونە:

تێبینی: لەداهاتی ناوخۆ کە لە خشتەی سەرەوە ئاماژەپێکراوە، رسوماتی تێیدا نییە.

دووەم:

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە عێراقەوە هاتووە لە 2020

(1.759.000.000.000 ملیار دینار) ترلیۆنێک و 759 ملیار دینار. لەم بڕە کە بە چوار سولفە هاتووە، هەر جارێ بڕی 11.880.000.000 یازدە ملیار و 880 ملیۆن دینار براوە بو پێدانەوەی قەرزی بانکە ئەهلییەکان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزدارییانە. کۆی قەرزی بانکەکان کە لەو چوار مانگە وەریانگرتووە، 47 ملیار و 520 ملیۆن دینار.

ئەوەی بە سافی بۆ هەرێمی کوردستان ماوەتەوە (تریلیۆنێک و 711 ملیار و 480 ملیۆن دیناری عێراقی).

بەگوێرەی مافە دارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەشە بودجی 2020ـی عێراق، کە بەهۆی نەبوونی یاسایی بودجە، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ بودجەی 2019 دەکرێ، ئەویش بە خەرجکردنی 1 لەسەر 12ی بودجەی گشتی 2019. هەرێمی کوردستان لەوەدا مانگانە (453 ملیار دیناری هەبووە)

لە ساڵی 2020 حکومەتی عێراق تەنیا سێ مانگ بڕی (453 ملیار دیناری ناردووە، مانگێک تەنیا 400 ملیار دیناری ناردووە و دوو مانگ هیچی نەناردووە. بەم پێیەش حکومەتی عێراق 959 ملیار دینار کەمتری لە ساڵی پار لەماوەی شەش مانگی رابردوودا بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە).

 

سێیەم:

بڕی ئەو داهاتەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوییەتی بە وەزارەتی دارایی:

لە سێ مانگی (1/2/3ی 2020) داهاتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە دراوە بە وەزارەتی دارایی بو پێدانی مووچە بۆ هەر مانگێک 345 ملیار و 203 ملیۆن بووە. هەمووی دەکاتە یەک تریلیۆن و 35 ملیار و 610 ملیۆن دیناری عێراقی).

هەروەها لەمانگی (4/5/6 ) دوای دابەزینی نرخی نەوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان 283 ملیار و 424 ملیۆن دینار بووە) رادەستی وەزارەتی دارایی کراوە.

 

چوارەم:

هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مووچەی هێزی پێشمەرگە:

لە شەش مانگی یەکەمی 2020 هاوکاری هاوپەیمانان 124 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بە شێوەیەک بۆ هەر مانگێک بە تێکڕای 20 ملیار و 700 ملیۆن دینار.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 2020 چەند و چۆن مووچەی دابەشکردووە؟

 

مووچەی چوار مانگ بەبێ لێبڕین بریتی بووە لە نزیکەی سێ تریلیۆن و 580 ملیار دینار

مووچەی پێنجەم لە 2020 کە دەکاتە مانگی شوبات کە شێوەی بڕینی 21% و پێدانی 79%ی مووچە، نزیکەی 700 ملیار دینارە.

بەڵام وەزارەتی دارایی، روونکردنەوەی دا بە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، کە نزیکەی 617 ملیار دیناری لە بەردەست بووە و نزیکەی 120 ملیاری قەرزکردووە.

بەم شێوەی خوارەوە:

 

 

​تێبینی:

تاوەکو ئێستا بڕینی 21%ـی مووچەی مانگی شوبات بە روون و ئاشکرا دیار نییە، ئاخۆ ئەمە پاشەکەوتە؟ قەرزە لای حکومەت؟ یان بە یەکجاری بڕیویانە و پێدانەوەی نییە؟ 

پێشنیار و راسپاردەکانی لیژنەی دارایی و ئابووری

 

لەگەڵ بەغدا:

یەکەم: داوادەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوام بێ لە گفتوگۆکردن تاوەکو ماف وشایستە داراییەکانی مسۆگەر بکات و دەستووریش بنەمای مامەڵەکردن بێت.

دووەم: داوادەکەین سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان بکات، عێراق پابەندبێت لە چوارچێوەی بنەماکانی دەستوور، شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و چی دیکە بە عەقڵییەتی مەرکەزی، هەرێمی کوردستان سزانەدرێت.

 

لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان:

یەکەم: ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیداکردنی داهات بێت بۆ مسۆگەرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

دووەم: جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتییازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان

سێیەم: لە ساڵی 2014ـەوە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی گشتی و ژمێرەی کۆتای نەناردووتەوە پەرلەمانی کوردستان، یان لانی کەم ماوەی دوو ساڵە بەیانی داراییش رەوانەی پەرلەمان نەکراوە. ئەمە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە و بووەتە گرفتی ناڕوونی داهات و خەرجی حکومەت، هەروەها بەربەست بووە لە کاری چاودێری پەرلەمانی و دیوانی چاودێری دارایی لە چەند ساڵی رابردوودا.

چوارەم: کەمکردنەوەی باج، کەمکردنەوەی سوودی بانکی بۆ هاونیشتیمانیان، بو ئەوەی هاندانێک بێ، بو جوڵەی بازرگانی و وەرگرتنی قەرز لە بانکەکان بۆ پڕۆژە بچوکەکان، لەهەندێ وڵات ئێستا سوودی بانکی نزیکبووتەوە لە سفر.

پێنجەم: چاکسازیکردن لە سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان:

ا: پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان.

ب: جێبەجێکردنی بڕیاری 706ـی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێککەوتی 20/3/2020 سەبارەت بە پێداچوونەوە و وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز، ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەستی خزمەتگوزارییان لەگەڵ کۆمپانیای نەوت هەیە، کۆمپانیاکانی ئاسایش لە بواری نەوت.

ج: وەرگرتنی باج لە هەموو کۆمپانایا گەورەکان و راگرتنی لێخۆشبوونییان لە باج.

د: کۆنترۆڵکردنی سەرجەم خاڵە سنوورییەکان، بەتایبەت خاڵە گومرگییەکان بەمەرجێک کۆی گشتی داهات بگەڕێتەوە بۆ حیساباتی وەزارەتی دارایی.

هـ: پێداچوونەوە بە هەموو گرێبەستی ئەو کۆمپانیانەی کاردەکەن لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی زیادکردنی داهاتی گشتی بە شێوەیەک داهاتەکەی زیاتربۆ  گەنجینەی حکومەت بێ نەک بۆ کۆمپانییەکان.

و: پێویستە پسۆڵەی داهات، تەنیا پسۆڵەی وەزارەتی دارایی بێ لە هەموو خاڵە گومرگییەکان.

ز: هەڵوەشاندنەوەی هەموو لێخۆشبوونە گومرگییەکان لە هەرێمی کوردستان.

ح: پێویستە حکومەت بڕیارێک دەربکات لە شێوەی مقاصە بێت ھەر هاوڵاتیەک ھەر قەرزێکی حکومەتی لایە لە عەقار، زەواج، کارەبا، نیشتەجێبون و ئاو دەتوانێ لەگەڵ حکومەت لە پاشەکەوتەکەی کە قەرزە، لە ئەستۆی حکومەت بیداتەوە، بەو مەرجەی ئەو قەرزانە بە ناوی خودی هاووڵاتی خۆی یان خێزانی یان مناڵی خوار ھەژدە ساڵی خۆیەوە بێت.

ط: پێداچونەوە بە سەرجەم گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندی وئینتەرنێت و قەرزەکانیان. گوندەکانی نیشتەجێبوون تایبەت بە باجی خانوبەرە.

ی: لەگەڵ وەرگرتنی ئەو زەوی و زارانەی لە رێگەی موساتەحە دراون و تاوەکو ئێستا بەکارنەهاتوون، یان کراون بە پارچە زەوی و فرۆشراون، وەربگرنەوە و حکومەت لەرێگەی زیادکردنی ئاشکرا بیانفرۆشرێ، ئەمەش وەک هەنگاوێک بو زیادکردنی داهات و تێپەڕبوون لە قەیرانی دارایی.

س: یەکێک لە رێگاکانی زیادکردنی داهات، بریتییە لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی گشت دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی زۆر ورد. وەک (کەمکردنەوەی مینحەی میوانداری، راگرتنی هاوکاری، راگرتنی کڕینی خانوو و ئۆتۆمبێڵ.

ع: دەکرێ حکومەت گرنگی بداتە کاری هاوبەش لەنێوان کەرتی حکومەت و کەرتی تایبەت، بەتایبەت هەندی کەرت بەتەواوەتی رادەستی کەرتی تایبەت بکات، بەمەش هەم داهات زیاد دەبێ و هەم خەرجی حکومەتیش کەم دەبێ وەک کەرتی کارەبا.

ف: زۆر سەرچاوە هەیە کە موڵکی دەوڵەتە، بەڵام بڕی راستەوخۆ لەلایەن حکومەتەوە وەرناگیرێت، بو نموونە (لە هەموو ئەو بیرە ئاوانەی بۆ سوودوەرگرتن لە ئاوی ژێر زەوی بەکار دێت و ژمارەیان زۆرە، پیویستە بخرێتە ژێر رسوومی حکومەتەوە. بەگوێرەی ئامارێکی ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان 22 هەزار و 560 بیری نایاسایی و بێ مۆڵەت هەن، ئەم بیرانە بە یاسایی بکرێن و کاژیری خوێندنەوەی ئاو و لێدانی بیرەکە هەموو سەرچاوەی داهاتن).

 

هـ.ر.