ژمارەیەک بڕیاری نوێ لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ لە هەولێر

 

K24 - هەولێر

 هەرچەندە چەندین رێکار گیرانەبەر بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام پەتاکە بەردەوامە لە تەشەنەسەندن، بۆیە رێکاری نوێ بۆ خۆگونجاندن و ژیان لەگەڵ ڤایرۆسەکە لە هەولێر دەگیرێتەبەر.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانیکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24 ئاشکرای کرد "لە بەیانییەوە چێشتخانە و کافتریا و چایخانەکانی هەولێر بە مەرجی تەندروستی دەکرێنەوە، بەڵام دەبێت نێوانی کورسییەکان دوو مەتر کەمتر نەبێت. دەبێت هەموو کەلوپەلی کاتی ئەوەی کە بۆ یەکجار بەکاردێت، بەکاربهێنن".

 لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ لەنێو شاری هەولێر، پارێزگاری هەولێر گوتی "قەدەغەی هاتووچۆ هەر دەمێنێت، بەڵام لەجیاتی 08:00ـی ئێوارە بۆ 05:00ـی بەیانی، دەیکەینە 12:00ـی شەو بۆ 05:00ـی بەیانی، چونکە خەڵکێکی زۆر کار و کاسبی لەسەر ئەوەیە لەو کاتەدا کار بکات".

فرسەت سۆفی نەیشاردەوە ئێستا "ژیانی خەڵک زۆر خراپە، رەوشی کۆرۆناش زۆر خراپترە، ئەوەی لەسەر شانمانە وەکو پارێزگا، ئیدارە، حکومەت و ژووری ئۆپەراسیۆن کردوومانە، بەڵام ئێستا لەسەر خەڵکە خۆیان بپارێزن، ئەویش بە بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستی".

ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئەمڕۆ (شەممە، 11-7-2020) بڕیاری داوە "هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان وەکو خۆی دەمێنێتەوە، تەنیا بۆ ئەو حاڵەتانە نەبێت، کە رێپێدانیان هەیە".

رێکارەکان سەبارەت بەوانەی لەڕێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان دێن، دەگۆڕێت. فرسەت سۆفی دەڵێ "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر رێکارێکی باشی داناوە: بەپێی ئەو میکانیزمە لەسەر ئەرکی خۆیان پشکنینیان بۆ دەکەین، ئەوان لە هۆتێل کەرەنتینە ناکرێن، بەڵکو پەیماننامەیەک دەنووسن کە 14 رۆژ لە ماڵی خۆیان خۆیان کەرەنتینە دەکەن".

لە هەموو بازگەکانی دەروازەی هەولێر میکانیزمیک دانراوە، بەو پێیە لە بازگەکانەوە پشکنین بۆ هەموو ئەوانە دەکرێت کە دێنە نێو سنووری هەولێر، پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات "لەو بازگانە یەکسەر کە پشکنینەکەیان کرد (ئەگەر کۆرۆنایان نەبوو) دەتوانن بێنە نێو هەولێر، چونکە رەوشی ژیانی هەولێر پێویستی بەو جموجۆڵە هەیە".

لە کۆتایی گوتەکانیدا، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر گوتی "گەیشتووینە ئەو قۆناغەی نەماندەویست پێی بگەین، نایشارینەوە توانای تەندروستیی ئێمە بەرگەی ئەو فشارە زۆرەی کۆرۆنا ناگرێت، بەڵام لەو رەوشە خراپتریش هەیە، بۆیە دەبێت خەڵک خۆی خۆی بپارێزێت".

 

هـ.ر.