سه‌رۆك بارزانی: هیچ ئومێدێک نەما کە بتوانین هاوبەشییەکی ڕاستەقینە بونیاد بنێین

"گەلەکەمان بڕیاری داوە لە ڕیفراندۆمدا بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆی بدات"

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی پێشوازیكردن له‌ میگێل جۆنیۆر مه‌گاهایس، باڵیۆزی به‌رازیل له‌ عێراق، وێرای باسكردن له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان، هۆكاره‌كانی بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمیشی روونكرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا بارزانی، باسی بڕیاری گەلی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلوولی کرد و رایگه‌یاند، هەوڵەکانی گەلی کوردستان بۆ بونیادنانی عێراقێکی دیموکرات و پێشکەوتوو خستەڕوو و ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دوای ئەوەی هیچ ئومێدێک نەما کە بتوانین هاوبەشییەکی ڕاستەقینە بونیاد بنێین. بەهۆی زاڵبوونی فەرهەنگی خۆسەپاندن و ئینکار.

بارزانى روونيشی كرده‌وه‌، گەلی ئێمە وەک هاوبەشی راستەقینە قبووڵ نەکرا، گەلەکەمان بڕیاری داوە لە ڕیفراندۆمدا بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆی بدات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەغدا لەسەر هەموو بابەتەکان گفتوگۆ دەکەین و دمانەوێ وەک دوو دراوسێی باش هەموو بابەتەکانمان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین.

سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی باڵیۆزی بەڕازیل، ئاماژەی بە فەرهەنگی پێکەوەیان و فرەیی گەلی کوردستان دا و ڕایگەیاند کە ئەوە بەهایەکی بەرز و فەرهەنگی گەلی ئێمەیە و شانازیی پێوە دەکەین. سەرۆک بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتی بەڕازیل خستەڕوو.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی بەڕازیل لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی کوردستان و دیداری سەرۆک بارزانی دەربڕی و سەرسامیی خۆی بە ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان نیشان دا و ڕایگەیاند: بەناوی خۆم و حکوومەتەی وڵاتەکەمەوە سەرسامیی خۆمان بەو ئاستە بەرزەی پێکەوەژیان و ئاشتی و هاوکارییەی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان دەردەبڕم و سوپاسی حیکمەت و سەرکردایەتیی لێهاتوانەی جەنابتان دەکەین.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، باڵیۆزی بەڕازیل ڕایگەیاند کە ئەگەرچی لەڕووی جیوگرافییەوە بەڕازیل زۆر لە کوردستان دوورە، بەڵام لە زۆر بەهای بەرزدا هاوبەشین، وەک فرەیی پێکهاتەکانی گەل و  ڕێزگرتن لەو فرەییە و ئیرادەمان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی.

باڵیۆزی بەڕازیل ئامادەیی وڵاتەکەشی پێشان دا کە پەیوەندەییەکانی لەگەڵ کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا بەرەو پێش ببات و هەر هاوکارییەکیش بۆ گەلی کوردستان پێویست بێت درێخی ناکەن.