فراكسیۆنی پارتی داواده‌كات رۆژی 25ـی ئه‌یلول بكرێته‌ رۆژی نیشتمانی گه‌لانی كوردستان

ئومێد خۆشناو: پێویسته‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌نگاوی خێرا بگرێته‌به‌ر

K24 - هه‌ولێر:

ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان گووتی: "وێڕای پشتگیریمان له‌ وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه‌ وتاری په‌رله‌مانی كوردستان بوو، به‌ڵام پێشبینیمان ده‌كرد باسی رۆژی نیشتمانی تێدا بكرایه‌، چونكه‌ له‌ رووی واقیعییه‌وه‌ ئه‌م رۆژه‌ بووه‌ به‌ رۆژی میللی و دوو ساڵه‌ كوردستانیان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ یادی ده‌كه‌نه‌وه‌ و بڕیاری ریفراندۆمیش له‌م په‌رله‌مانه‌ ده‌رچووه‌".

هه‌روه‌ها گووتی: "راسته‌ له‌ رووی واقیعی و میللی و نیشتمانی ئه‌م رۆژه‌ بووه‌ به‌ رۆژی گه‌لانی كوردستان، به‌ڵام داوا ده‌كه‌ین رووی یاساییشه‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و هه‌نگاوه‌ بگرێته‌به‌ر".

ئومێد خۆشناو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ئه‌و په‌رچه‌كردارانه‌ی كه‌ هه‌بوون، ده‌یان پێشێلكاریی  یاسایی و ده‌ستووریی كران و تا ئێستاش به‌رده‌وامن، بۆیه‌ ده‌كرێت په‌رله‌مانی كوردستان هه‌نگاوێكی خێرا بگرێته‌به‌ر و رۆژی 25ـی ئه‌یلول بكرێته‌ رۆژی نیشتمانیی گه‌لانی كوردستان".